سەرۆکی جەهەپە: پێویستە هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنرێت

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە (وێنە: AA)
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە (وێنە: AA)

سەرۆکی جەهەپە بە پێویستی دەزانێت، هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنرێت و داواش لە حکوومەتی تورکیا دەکات، ڕێگای دیپلۆماسی بگرێتەبەر.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، تیشکی خستە سەر گرژییەکانی ئەم دواییەی حەلەب و ڕایگەیاند، پێویستە هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. ناوبراو 

ئۆزەل گوتی، "وەک جەهەپە داکۆکی لە یەکپارچەیی و سەقامگیریی خاکی سووریا دەکەین." ئەو، پابەندبوون بە ڕێککەوتنی 10ی ئادار بە گرنگ دەزانێت و خوازیارە لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

سەرۆکی جەهەپە داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد ڕێگای دیپلۆماسی بگرێتەبەر و دەستپێشخەری بکات بۆ چارەسەرییەکی بێ شەڕ و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، نابێت دۆخی ئێستای سووریا ببێتە هۆی پەکخستنی پرۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

ئۆزەل گوتیشی: "پێویستە تورکیایەکی بێ تیرۆر و دیموکرات بە زووترین کات دابمەزرێت." سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی سووریا، ناوبراو داوای دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتی کرد، سیستمێک هەموو باوەڕ و ناسنامە جیاوازەکان بتوانن لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا بە ئازادی بژین.

ئۆزەل و پارتەکەی (جەهەپە) بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، چارەسەری پرسی کورد تەنیا لە ڕێگەی دیموکراسی و لەناو پەرلەمانی تورکیادا دەبێت. ئۆزەل پێی وایە داننان بە بوونی پرسی کورد و چارەسەرکردنی لەگەڵ مافی کەمینەکانی تر وەک عەلەوییەکان، بنچینەی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە لە تورکیادا.