عێراق ئاماری ساڵانەی بوومەلەرزەکانی بڵاوکردەوە؛ دیالە و سلێمانی لە پێشەنگی ناوچە چالاکەکانن
دەستەی کەشناسی و ڕووپێوی بوومەلەرزەزانی عێراق، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە چالاکییە لەرەلەرەزانییەکانی ناوخۆی وڵات و دەوروبەری بڵاوکردەوە. بەگوێریە ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 900 بوومەلەرزە لەلایەن وێستگەکانی چاودێرییەوە تۆمارکراون.
دابەشبوونی جوگرافیی بوومەلەرزەکان
لە کۆی ئەو 900 بوومەلەرزەیەی تۆمارکراون، 463 لەرینەوەیان لە ناوخۆی خاکی عێراقدا بووە. لە کاتێکدا 399 بوومەلەرزەی دیکە لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچە سنوورییەکان ڕوویان داوە کە کاریگەرییان لەسەر عێراق هەبووە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
ئێران: 255 بوومەلەرزە.
تورکیا: 127 بوومەلەرزە.
سووریا: 12 بوومەلەرزە.
کوێت: 4 بوومەلەرزە.
سعوودیە: 1 بوومەلەرزە.
بەگوێرەی ڕیزبەندی پارێزگاکان، پارێزگای دیالە بە تۆمارکردنی 225 بوومەلەرزە لە پلەی یەکەمی ناوخۆی عێراق دێت. دوای ئەویش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان بەم شێوەیە دابەشبوون:
دیالە: 225 لەرینەوە.
سلێمانی: 114 لەرینەوە.
هەولێر: 34 لەرینەوە.
دهۆک: 29 لەرینەوە.
نەینەوا: 23 لەرینەوە.
کەرکوک: 16 لەرینەوە.
هەریەکە لە پارێزگاکانی سەڵاحەددین، واست، هەڵەبجە و میسان ڕێژەیەکی کەمتریان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا بەغدادی پایتەخت و پارێزگای ئەنبار تەنها یەک لەرینەوەیان تێدا تۆمارکراوە.
ڕاپۆرتە تەکنیکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزی بوومەلەرزەکان لە نێوان 1 بۆ 5.2 پلە بووە لەسەر پێوەری ڕێختەر، و لە قووڵایی نێوان 2 بۆ 45 کیلۆمەتر لە ناخی زەویدا ڕوویان داوە.
ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات، بەتایبەت ناوچەکانی (خانەقین، مەندەلی، کەلار و دەربەندیخان) لەگەڵ سێگۆشەی سنووری عێراق-تورکیا-سوریا، وەک چالاکترین ناوچەکان دەستنیشانکراون.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم بوومەلەرزانە، دەستەی کەشناسی ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە زۆربەی بوومەلەرزەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەستیان پێکراوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی یان ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.