17 دەستگیرکراوی شەڕەکەی لالەزار ئازاد کران

 17 دەستگیرکراوی شەڕەکەی لالەزار لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، 17 دەستگیرکراوی شەڕەکەی لالەزار لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە ئازاد کران، چونکە لە کاتی لێکۆڵینەوە، هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە."

سەرچاوە ئەمنییەکەی کوردستان24 باسی لەوەش کرد، پێشتر کەسوکاری دەستگیرکراوان ئاگادار کرابوونەوە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بکەن تا مامەڵەی ئازادکردنیان ڕایی بکەن. 

 ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لاهور شێخ جەنگی لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە بەردەم دادوەر ئامادەبوو، بەڵام بە گوتەی پارێزەرەکانی، لەسەر داوای کەسوکارەکەی، دۆسیەکە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر دەگوزارێتەوە و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. 

لە ماوەی ڕابردووشدا، زیاتر لە 70 دەستگیرکراوی شەڕەکەی لالەزار لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازاد کراون. 

شەڕەکە 22ـی ئابی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی هێرشیان کردە سەر لەلازار، شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی 'بەرەی گەل' لە شاری سلێمانی. 

لە شەڕەکەدا کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، ژمارەیەک لە پاسەوان و چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی و هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی کوژران. هاوکات، هەر یەکە لە لاهور شێخ جەنگی و پولاد شێخ جەنگیی برای و زیاتر لە 160 کەسی دیکە دەستگیر کران.