مەلا بەختیار تانە لە دوورخستنەوەی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەدات
نووسینگەی مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت، ناوبراو لەبەر دوو هۆکار لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دوورخراوەتەوە و تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، تانە لە بڕیاری دوورخستنەوەی کاندیدبوونی ناوبراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدەن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو کێشەیە دەستپێکردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاری پێویستی بۆ دەکەن. ڕوونیشی کردەوە، هۆکاری ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونەکەی پەیوەندی بە "بڕوانامە و ڕەگەزنامەی دایکی"ـیەوە هەبووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مۆڵەتیان لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی تانە لەو بڕیارە.
مەلا بەختیار، کەسایەتیی سیاسیی دیاری کوردستان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 5ی کانوونی دووەمی 2026 بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مەلا بەختیار و 69 کەس لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆمار دوورخرانەونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی زیاتر لە 80 کەس کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبوو، 70ـیان بەهۆی مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانەوە دوورخراونەتەوە و ئێستا تەنیا 11 کاندید لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە.
هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە، زۆرینەی ئەو 11 کاندیدەی کە لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە، کوردن. لەنێو دیارترین ئەو ناوانەی کە پەسەندکراون بریتین لە:
- فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی: هەردووکیان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
- نزار ئامێدی: کاندیدی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- لەتیف ڕەشید: سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، کە بۆ جاری دووەم کاندیدبوونی پەسەند کراوە.
لەبارەی موسەننا ئەمینیش، کە کاندیدی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، کوردستان24 زانیویەتی "تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی دوورنەخراوەتەوە، بەڵام کێشە لە ڕەگەزنامە (جنسییە)ـی دایکیدا هەیە، پێویستە بیسەلمێنێت کە عێراقییە، ئەگەر سەلمێنرا، ناوەکەی پەسەند دەکرێت، بە پێچەوانەوە لە کێبڕکێیەکە دووردەخرێتەوە."
پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە بەڕێوەچووە، کە تێیدا ڕەچاوی مەرجگەلێکی وەک پێشینەی تاوان و بڕوانامەی خوێندن کراوە. پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو.
مەرجەکانی خۆکاندیدکردن:
- ڕەگەزنامەی عێراقی: دەبێت کاندیدەکە عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لە دایک بووبێت.
- تەمەن: پێویستە تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- بڕوانامە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت.
- شارەزایی سیاسی: پێویستە ئەزموون و شارەزایی سیاسی هەبێت و ناسراو بێت بە دەستپاکی و لێهاتوویی.
- مەرجی دادوەری: نابێت هیچ سزایەکی لەسەر بێت کە پەیوەندی بە تاوانەکانی شەرەفەوە هەبێت.
- سەروەریی یاسا: دەبێت باوەڕی بە پاراستنی سەروەریی یاسا، یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایشی وڵات هەبێت.