هەسەدە: دیمەشق بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو بەنداوی تشرین بۆردوومان دەکات

بەنداوی تشرین
بەنداوی تشرین

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند: هێزەکانی سووپای عەرەبیی سووریا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپ، بۆ دووەمجارە بەنداوی تشرین بۆردوومان دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: بۆ جاری دووەم، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکرا و تۆپ بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کردووە، لەگەڵ بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر گوندی( أم المرة)ـی باشووری دێر حافر.

هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوامیدان بەم هێرشانە، ئالۆزی و گرژییەکان دەچنە قۆناغێکی توندتر لە ناوچەکەدا.

هەسەدە ڕاشیگەیاند: هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، ماڵی هاووڵاتیانی لە گوندەکانی ڕەسم کرۆم و ئیمام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دێر حافری بە چەکی قورس بۆردوومان کردووە، دوو جاریش بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو هێرشی سەر ناوچەکەی کردووە.

دوای هێرشەکانی سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە تەنیا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەیان دەبرد، هێزەکانی سووپای عەرەبیی سووریا دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی و هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان، لەوانەش دێرحافر و بەنداوی تشرین و دەورووبەری ئەم ناوچانە کردووە، هەسەدەش بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی خۆی، ڕایدەگەیەنێت: وەڵامی سەرچاوەکانی ئەو هەڕەشە و جموجۆڵە سەربازییانە دەدەنەوە و ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە، دەگرنە بەر.