سبەی لە ناوەندەکانی خوێندنی چەند ناوچەیەکی کوردستان پشووی فەرمییە
هەریەک لە ناوەندەکانی خوێندن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پێنجوێن، دوکان، کۆیە، تەقتەق، چەمچەماڵ بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بۆ سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابییان، کردیانە پشووی فەرمی.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دوکان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن، پەروەردەی کۆیە و تەقتەق و چەمچەماڵ لە ڕاگەیەندراوی فەرمی خۆیاندا ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی ناجێگیری کەش و هەواو و نزم بونەوەی پلەکانی گەرما بۆ پلەی ژێر سفر، دوای ڕاوێژ لەگەڵ قایمقامی ناوچەکەیان و بەڕێوەبەرانی پەروەردە، بڕیاریاندا سبەی چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026 ، لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکانیان بیکەنە پشووی فەرمی بۆ ئەوەی گیانی مامۆستایان و قوتابییان و سەلامەت بێت.
لەو ناوچانەی کوردستان کە تێیدا پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندراوە، کەوتوونەتە ناوچە شاخاوییەکان و ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەفری زۆریان تێدا دەبارێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو لەو شوێنانە دادەبەزن، بەشێوەیەک، جگە لە بەفر، شەختە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی و دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ.