ڕۆستەم ئاغالە؛ شێوەکارێک لەنێوان ئەفسانەی نەتەوە و ڕەسانەیەتیی فۆرمدا
ڕۆستەم ئاغالە، شێوەکاری ناسراوی کورد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 باس لە ڕەوتی نوێخوازی لە کارەکانیدا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە توانیویەتی ناسنامەیەکی نەتەوەیی و فۆرمێکی ڕەسەنی کوردی بداتە تابلۆکانی. ئاغالە بە ئاوێتەکردنی تەکنیکی سەردەمیانە و ئەفسانە کۆنەکان، وەک یەکەمین شێوەکار بابەتی "شاماران"ی بە شێوازێکی هونەریی نوێ بردووەتە ناو کایەی شێوەکارییەوە.
ئەم هونەرمەندە کە کاریگەریی قوتابخانەکانی وەک (کۆربێت و ڤان گۆخ)ی لەسەرە، پێیوایە نەتەوە لەناو ئەفسانە، گۆرانی و کولتووردا دروست دەبێت. هەر بۆیە کارەکانی بە "نیشتمان-کار" ناودەبات و دەڵێت: "هەوڵمداوە فۆرمێکی سەربەخۆ بۆ هونەری کوردی دابتاشم کە لاساییکردنەوەی هونەری بێگانە نەبێت."
بەشێکی گرنگی جیهانبینیی ڕۆستەم ئاغالە پەیوەستە بە "دارەقوتە"؛ ئەو دارەی لە ساڵی 1988دا شوێنەواری هەڵواسینی مرۆڤ بوو بەدەستی ڕژێمی بەعس. ئاغالە ئەو دارە تەنیایەی لە تراژیدیایەکی خەمناکەوە گۆڕی بۆ پەرستگایەکی هونەری و "کۆماری تەنیایی". ئێستا "دارەقوتە" نەک تەنیا فۆرمێکی زیندووە لە تابلۆکانیدا، بەڵکو بووەتە دروشم و لۆگۆی (مۆزەخانەی ئاغالە).
ئاغالە تەنیا لەناو چوارچێوەی تابلۆدا نەمایەوە، بەڵکو لە سەرەتای نەوەدەکاندا، قەیسەرییە کۆنەکەی کۆیەی لە شوێنێکی فەرامۆشکراو و پڕ لە زبڵدان گۆڕی بۆ ناوەندێکی هونەری. بە دەست و پەنجەکانی خۆی شوێنەکەی خاوێن کردەوە و یەکەمین پێشانگای تێدا کردەوە، بەوەش سەرنجی خەڵکی بۆ گرنگیی ئەو ئاسەوارە مێژووییە ڕاکێشا و ژیانی بۆ گەڕاندەوە.
ڕۆستەم ئاغالە، ئێستاش بە هەمان وزەی منداڵییەوە بەردەوامە لە کارکردن، چەندین پڕۆژە و پێشانگای نوێی لە دەرەوەی وڵات لەبەردەستدایە. ئەو پێشتر گەلەرییەکی بۆ فۆتۆگرافەرێک لە بەلجیکا دروست کردووە و بەردەوامە لە گەڕان بەدوای جوانییەکدا کە وەک (دۆستۆیڤسکی) دەڵێت: "ڕۆژێک دادێت جوانی دونیا ڕزگار دەکات."




