لە ئیتاڵیا کتێبێک بە زمانی ئیتاڵی دەربارەی ژیان و خەباتی شەهید مەلا ڕەسووڵ گوروون بڵاوکرایەوە

بەمەبەستی ناساندنی مێژووی پڕ لە سەروەریی شۆڕشی گەلی کورد و بەرزڕاگرتنی یادی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، لە شاری "بروگێریۆ" نزیك لە شاری میلانۆی وڵاتی ئیتاڵیا، کتێبێکی نوێ بە زمانی ئیتاڵی لەژێر ناونیشانی (مەلا ڕەسوڵ گورون، ژیان و مردن بۆ ئازادیی کوردستان) بڵاوکرایەوە.

کتێبەکە لەلایەن "کاوە ڕەسووڵ" کوڕی شەهید ئامادەکراوە، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە هۆڵی ئەنجومەنی شارەوانی شاری بروگێریۆ و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی ناوچەکە ناسێنرا.

لە کتێبەکەدا تیشک خراوەتە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی ئەم فەرماندە قارەمانە. سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرگی سێیەمی کتێبی (بارزانی و مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان)، بە وردی باسی لە قارەمانێتی شەهید مەلا ڕەسووڵ و هاوڕێکانی کردووە، بەتایبەت لە شەڕەکانی مانگی ئایاری 1962لە ناوچەی پێنجوێن، کە چۆن توانیویانە بە کەمترین هێزەوە لە بەرانبەر لیوایەکی سوپای عێراقدا ڕابوەستن و بە خوێنی خۆیان ڕێگری لە داگیرکەران بکەن و زیانێکی زۆر بە هێزە هێرشبەرەکان بگەیەنن.

شەهید مەلا ڕەسووڵ گوروون، ساڵی 1919لە گوندی هەڵەدنی دۆڵی جافایەتی لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئایینی و وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی، لە ڕیزەکانی سوپای ئەوکاتی عێراق دەبێتە عەریفی مخابەرە. بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و پشتگیریکردنی لە شۆڕشی بارزان، لە ساڵی 1945حوکمی سێدارەی بۆ دەردەچێت، بەڵام دواتر لە سوپا دوور دەخرێتەوە.
ئەم تێکۆشەرە لە ساڵی 1946دەبێتە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و بڕیار دەبێت بۆ خوێندنی سەربازی بنێردرێتە یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام تا کۆتایی تەمەنی کۆمار وەک پێشمەرگە دەمێنێتەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، وەک لێپرسراوی لیژنەی ناوچە و دواتر لە ساڵی 1958وەک سەرۆکی یەکەمین ڕێکخراوی یەکێتی جووتیارانی کوردستان خزمەت دەکات. لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961، دەبێتەوە بە پێشمەرگە و فەرماندەیی چەندین چالاکی گەورە دەکات، تا دواجار لە ڕێکەوتی /24/5/1962 لە کاتی ئازادکردنی پێنجوێندا، شەهید دەبێت.

ناوەڕۆکی کتێبەکە لە بیرەوەرییەکانی "ئاسکۆڵ خان"ی کچی شەهیدەوە وەرگیراوە و بە شێوازی گێڕانەوەیەکی بیۆگرافی نووسراوە. کتێبەکە تەنها باس لە لایەنی سەربازی ناکات، بەڵکو مەلا ڕەسووڵ وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و هۆشیار دەناسێنێت کە ڕۆڵی هەبووە لە کردنەوەی قوتابخانە لە هەڵەدن و هاندانی خەڵک بۆ خوێندن.

ئامادەبوانی سیمینارەکە و خوێنەرانی ئیتاڵی، سەرسامی خۆیان بە ژیانی ئەم تێکۆشەرە دەربڕی کە ژیانێکی کورت بەڵام پڕ لە مانا و سەروەری هەبووە. کتێبەکە پەیامێکی گرنگ بۆ گەنجانی ئەمڕۆی کوردستان دەنێرێت کە پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا بەرهەمی خوێن و ماندووبوونی قارەمانانی وەک مەلا ڕەسووڵە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهاکانی تێکۆشانی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی، بەهای گەردوونی و مرۆیین و شایانی ناساندنن بە هەموو جیهان.