هۆڵەندا.. هونەرمەندێکی کورد بە پڕۆژەیەکی هونەری بەشداری لە پێشانگەیەکی هاوبەش دەکات

ئاڤان عومەر، خانمە نووسەر و شێوەکار، بە پڕۆژەی هونەری "سفر هونەر" بەشداری لە پێشانگەیەکی هاوبەش دەکات لە ژێر ناوی "بجووڵێ نەک بە هۆی عەقڵ، بەڵکوو بە هۆی خۆشەویستی". کە لە شوێنێکی وەک کاسکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.

چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئاڤان عومەر، خانمە نووسەر و شێوەکار، دەربارەی بەشداریکردنی لەو پێشانگە هاوبەشە بە کوردستان24ـی گوت: پڕۆژەی "سفر هونەر"، ئەوە پیشان دەدات، کە دامەزراندنێکی هونەرییە و خۆی لە چەندین بوار دەبینێتەوە، ئەوە تۆمار دەکات کە چۆن گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی 1990 تا 2010، کە چۆن کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی هونەر و بیرەوەری کولتووری داناوە.

ئاڤان عومەر گوتیشی: لەو پێشانگەیە بە هاوبەشی لەگەڵ دوو کەسی تردا بەشدارم، ئەو پێشانگەیە، فیلمی دۆکیۆمێنتاری، پۆدکاست، چاوپێکەوتن، بەڵگەنامە و ئەرشیفی مێژوویی و کارە هونەرییە بینراوەکان کۆدەکاتەوە، وەکو کارەکانی من و کارەکانی هونەرمەندانی هاوچەرخی کورد، هەروەها پڕۆژەکە چیرۆکی تایبەتی مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بە ڕووداوە مێژووییە گەورەکانی وەکوو جەنگی کەنداوی فارس، ڕاپەڕینەکان، ئاوارەبوون و کۆچکردن، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە دەڕوانێتە ئەوەی کە چۆن هونەر وەڵام دەداتەوە بە کێشە و ململانێ و زیان و خۆڕاگری و ناسنامە.

ئەو خانمە شێوەکارە باس لە گرنگی ئەو پێشانگە هاوبەشە دەکات و دەڵێت: لە ڕێگەی فۆرماتە کارلێکەکانی وەکو ژووری ئەرشیفی کراوە، شوێنی گوێگرتن و نەخشەسازی هاوبەش، سەردانکاران بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی بیر و ئەزموونی خۆیان زیاد بکەن، بۆ ئەوەی پیشانگەکە ببێتە پلاتفۆرمێکی گۆڕاو و بەردەوام بۆ گێڕانەوەی چیرۆک.

ئاڤان عومەر ئاماژەی بەوەش دا: بە تێکەڵکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی، بیرەوەری ژیانی ڕاستەقینە و کارە هونەرییەکان ئەرشیف دەکات وەکوو، شوێنێکی چالاک بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە مێژوو، گفتوگۆ و دروستکردنی زانیاریی هاوبەش.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو پێشانگە هاوبەشە، بڕیارە 11ی نیسانی 2026، لە شوێنێکی وەک کاسکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەبچێت و ماوەی چوار ڕۆژ بخایەنێت.

ئاڤان عومەر، خانمە نووسەر و شێوەکار، لە سێمانی لەدایکبووە و ئێستا دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە، ساڵی 2004، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شێوەکاری تەواو کردووە. لەبواری شێوەکاری و نووسیندا خاوەنی چەندین پڕۆژەی گرنگە.