ئەمڕۆ 750 پارچە زەوی لە کانی قڕژاڵە دابەش دەکرێت
لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامە و ئەمڕۆ فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی "کانی قڕژاڵە" زەوی وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 750 پارچە زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی کانی قڕژاڵە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
تاوەکوو ئێستا لە قۆناغی یەکەمدا، نزیکەی 31 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی (شەمامک، بنەسڵاوە، دارەتوو، کەسنەزان، بەحرکە، مەخموور، قوشتەپە، دیبەگە و چەند شوێنێکی دیکە) دابەش کراوە.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە، لە سنووری شارەوانییەکانی خۆیاندا زەوییان پێ دەدرێت.
