ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی گرتەوە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هاوین
ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، مانەوەی زەوییەکان بە وشکی هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینانەیە کە تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا ڕوو دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕوانگەی عێراقی سەوز، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو بارانەی لە ماوەی ڕابردوودا باریوە، نەیتوانیوە هەموو زەوییەکانی عێراق تێر ئاو بکات، ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری زەوییەکان بە وشکی بمێننەوە، لە ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی لە وەرزی زستاندا بەهۆی بەرزیی ئاستی شێ دەبوایە خۆڵبارین کەم بێتەوە، بەڵام وشکیی زەوییەکان بووەتە هۆی دروستبوونی گەردەلوولی خۆڵاوی.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی دوێنێ بەغدا و ژمارەیەک لە پارێزگاکانی گرتەوە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ زیادبوونی خۆڵبارین لە وەرزی هاوین، هاوکات جەختی کردووەتەوە، "تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ ئەم بابەتە نییە، سەرەڕای ئەوەی لایەنە فەرمییەکانی وەک وەزارەتەکانی ژینگە، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جەخت لە چارەسەر دەکەنەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بن لە پشتگوێخستنی ئەم بابەتە، پێشبینی دەکرێت دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و لە هاوینی داهاتوودا گەردەلوولی خۆڵ و لم بەردەوام بێت.
ڕوانگەکە هۆشداریشی داوە لە مەترسیی تەندروستیی ئەو دیاردەیە و ڕایگەیاندووە، "ئەو وردیلانەی دەچنە ناو کۆئەندامی هەناسە و جەستەی مرۆڤەوە، زۆر مەترسیدارن و جگە لە دروستکردنی حاڵەتی تەنگەنەفەسی و خنکان، لەسەر ئاستی دوورمەودا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، ئەمەش تێچوویەکی زۆری دارایی لەسەر هاووڵاتییان و دەوڵەت دەکەوێت."