سلێمانی.. زیاتر لە 2500 هاوبەش سیستمی سۆلاریان جێگیر کردووە
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، خواستی هاووڵاتییان و خاوەن کارەکان بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر (سۆلار) بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕووی لە زیادبوونێکی بەرچاو کردووە. بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی بەشی وزە نوێبووەکانی کارەبای سلێمانی، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 590 هاوبەش ئەو سیستمەیان داناوە.
یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە، پڕۆژەی سۆلاری یەکێک لە مۆڵە گەورەکانی سلێمانییە. ئەو مۆڵە توانیویەتی لە ڕێگەی سۆلار پانێڵەوە نزیکەی 2 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت، کە دەگاتە سەدا 20ـی کۆی پێداویستییەکانی مۆڵەکە.
ئەحمەد فاتیح، ئەندازیاری کارەبا لەو مۆڵە، بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "سیستمی سۆلار سوودێکی گەورەی پێ گەیاندووین؛ جگە لە دابینکردنی وزە، وای کردووە دوور بکەوینەوە لە بەکارهێنانی مۆلیدە و پیسکردنی ژینگە. ئەم سیستمە ژینگەدۆستە و دووکەڵ و هەوای پیسی مۆلیدەکانی لەسەر کەم کردووینەتەوە."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاندانی زیاتری هاووڵاتییان، سیستمێکی نوێی پەیڕەو کردووە؛ تێیدا هاوبەش دەتوانێت سوود لەو کارەبایە وەربگرێت کە زیادەیە لە پێداویستییەکەی.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "بڕیار دراوە هەر هاوبەشێک سیستمی سۆلار دابنێت، ئەو کارەبا زیادەیەی بەرهەمی دەهێنێت و دەیداتەوە بە تۆڕی نیشتمانی، لە کۆتایی مانگدا بۆی دەگەڕێنرێتەوە." بۆ نموونە: ئەگەر هاوبەشێک لە مانگێکدا 1000کیلۆوات کارەبای نیشتمانی بەکارهێنابێت، بەڵام لە ڕێگەی سۆلارەکەیەوە 300 کیلۆواتی دابێتەوە بە حکوومەت، ئەوا تەنیا پارەی 700 کیلۆواتی لێ وەردەگیرێت.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی وزە و کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەکانی کارەبا و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەبینرێت.