بەرپرسێکی مەسەدە بۆ کوردستان24: بە ئاشکرا سووریا دابەش دەکرێت
بەرپرسێکی مەسەدە هۆشداری لە دابەشبوونی سووریا دەدات و دەڵێت، حکوومەتی دیمەش بە فشاری نێودەوڵەتی، شەڕ بە کورد دەفرۆشێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، عەبدولوەھاب خەلیل، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، باڵی سیاسی و سەرکردایەتیی ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیمەشق؛ لەبارەی هێرشی ئەم دواییەی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی (دێر حافر و مەسکەنە)؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی کوردستان24 بوو، کە لە لایەن ژڤان عابدەوە پێشکەش کرا.
"هەسەدە بە ڕێککەوتن ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردووە"
نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق، ڕوونی کردەوە، هەسەدە بە ڕێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش هێزەکانی لە ناوچانە جێگیر کردووە، دوای ئەوەی توانییان لە تیرۆریستانی داعش پاکیان بکەنەوە و چەندان قوربانی لە شەڕەکەدا داوە.
ئەو، جەختی کردەوە، هەسەدە هیچ ئامانجێکی لە جێگیرکردنی هێزەکانی لە دێرحافر و مەسەکەنە و ناوچەکانی دەوروبەریان نییە؛ بەڵکوو وەک خۆی گوتی "ژیانی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی داعش دەپارێزێت؛ هەمووان دەیزانن ئێستا داعش چەند مەترسییە لەسەر ئەو ناوچانە."
"ئامانجەکە تەنیا دوو گەڕەکەکەی حەلەب نییە"
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی مەسەدە، "پێشتر بە بە نهێنی ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی سووریا دەکرا، ئێستا بە ئاشکرا دەکرێت. کاتێک داوا لە هەسەدە دەکرێت هێزەکانی بگوازێتەوە ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەمە بەم مانایە دێت، دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی فورات لە بن دەستی هەسەدەدا بێت، باشووری سووریا لە بن کۆنترۆڵی ئیسرائیل و باکووری وڵاتەکەش لە بن کۆنترۆڵی تورکیادا بێت."
عەبدولوەهاب خەلیل ئەوەی خستەڕوو، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، سوپای عەرەبیی سووریا هەوڵ دەدات، ناوچەکانی دێرحافر و مەسکەنەش کۆنترۆڵ بکات، هەر بۆیە پێشڕەوی کردووە و پێگە و بارەگا سەربازییەکانی هەسەدە بۆمباران دەکات.
نوێنەرەکەی مەسەدە گوتی " لە کاتی شەڕی حەلەبیش هەر دەیانگوت، با هەسەدە هێزەکانی بگوازێتەوە ڕۆژهەڵاتی فورات، ئێ خۆ ڕۆژهەڵاتی فوراتیش، هەر خاکی سووریایە، نازانین بۆ ئەم داوایە دەکەن؟ پێمان وایە، فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر حکوومەتی دیمەشق هەیە بۆ ئەوەی شەڕی هەسەدە بکات."
هەڵوێستی ئەمەریکا
ئەو بەرپرسەی مەسەدە باسی لەوەش کرد، هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی شەڕەکەی ڕابردووی حەلەب و ئاڵۆزییەکانی ئێستای دێرحافر و مەسکەنە، "ڕوون و جیددی نییە؛ تەنیا داوا لە لایەنەکان دەکات، دان بەخۆیاندا بگرن و دانوستان بکەن."
عەبدولوەهاب خەلیل گوتی "ئێمە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، هاوپەیمانیمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە. بەرپرسانی واشنتن، چەندان جار دووپاتیان کردووەتەوە، ڕێگە نادەین کەس هێرشی سەر ڕۆژهەڵاتی فورات بکات و لە ڕۆژئاوای فوراتیش پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبینەوە."
بە گوتەی ئەو، "پێشتر واشنتن جەختیان لە مەرکەزییەتبوونی سووریا دەکردەوە، بەڵام دوای ڕووداوەکانی سوەیدا، کەنارەکانی سووریا و گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی مەرکەزییەت لەم وڵاتە سەرناگرێت و پێویستی بە سیستەمێکی لامەرکەزی هەیە. ئەمە ئامانجی ئێمەشە و دەمانەوێت بە دانوستان بە دەست بهێنین. ئێمە تەنیا لامەرکەزی بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات ناخوازین، بەڵکوو بۆ ناوچەکانی دیکەی سووریاش."
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار
ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە واژۆ کراوە. ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، وەک: ئاگربەست لە سەرتاسەری سووریا، تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها داننان بە مافی پێکهاتەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە.
بەرپرسەکەی مەسەدە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ هەموو کێشەکانی ئێستای سووریا دەبینێت و دەڵێت "ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ڕێگری لە دابەشبوونی سووریا دەکرێت و پێویست ناکات هیچ هێزێک شوێنەکەی بگۆڕێت؛ بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئێستای حکوومەتی دیمەشق، خەریکە وڵاتەکە بەرەو دابەش دەبەن."
ناوبراو گوتی "ئەوان پێیان وایە دەتوانن لە ڕێگەی شەڕەوە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکەن، بەڵام بۆچوونمان جیاوازە، جەخت لەوە دەکەینەوە دانوستان بە شەڕ ناکرێت و تەنیا لەسەر مێزی گفتوگۆ دەتوانرێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت. هیچ کاتێک، هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ڕێگەی سەربازی، کێشەکان لە سووریا چارە بکات."
سەرەتای گرژییەکان
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی سەربازیی کردە سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و بەوهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی کورد شەهید، بریندار و ئاوارەبوون؛ سوپاکە دوێنێ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەردوو ناوچەی (دێر حافر و مەسکەنە)ـی وەک ناوچەی 'سەربازیی داخراو' ناساند.
ئەو دوو ناوچەیە دەکەونە دەوروبەری پارێزگای حەلەبی سووریا و لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدان. سوپای عەرەبیی سووریا، بە درۆن و تانک، پێگە و بارەگاکانی هەسەدەی بۆمباران کرد و داوا دەکات، هەموو هێزە سەربازییەکانی ئەو دوو ناوچەیە، بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات بگوازرێنەوە.
ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەکەوێتە کوێی سووریا؟
زۆربەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوور، کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.
گرنگترین ئەو ناوچانەی دەکەونە ڕۆژهەڵاتی فورات بریتین لە:
1. پارێزگای حەسەکە: ئەم پارێزگایە بە تەواوی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتەوە و گەورەترین و سەرەکیترین ناوچەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
- شارە سەرەکییەکان: حەسەکە، قامشلۆ، دێرک (مالکیە)، ڕمێلان، سەرێکانی (ڕاس ئەلعەین - بەشی زۆری ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە).
2. ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور: بە تایبەت ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان.
- شارۆچکە سەرەکییەکان: حەجین، باغۆز، شەدادی، ناوچە گوندنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.
3. بەشێک لە پارێزگای ڕەققە: بەشێکی زۆری پارێزگای ڕەققە لە ڕۆژئاوای فوراتە، بەڵام هەندێک ناوچەی کەمێک بچووکتر هەن کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە.