جیم ڕیتش: نابێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بکرێت

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە ڕەفتارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە هێرشی سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب دەربڕی، لە هەڵوێستەکەیدا ئاماژەی بە ڕەفتاری ئەو چەکدارەی سووریا کردووە، کە تەرمی کچە ئاسایشێکی هەسەدە بە ناوی دەنیز لەسەر باڵەخانەیەک هەڵدەداتە خوارەوە.

چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026، جیم ڕیتش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، ڕاپۆرتێکی تۆڕیی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە سەربازێکی سوپای عەرەبیی سووریا کە تەرمی کچە کوردێک لە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەیەکی شاری حەلەبەوە فڕێدەداتە خوارەوە، ئاماژەیداوە، ئەوەی لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب ڕوویاندا، جێگەی نیگەرانیە و دەبێت تاوانباران سزا بدرێن چاوپۆشی لەو تاوانەکانیان نەکرێت. 

جیم ڕیتش لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نوسیوویەتی،" زۆر نیگەرانم لە هەڵسوکەوتی هێزە چەکدارەکانی عەرەبیی سووریا کە لە شاری حەلەب دژی کوردەکانی نیشتەجێی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەنجامیاندا، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەم لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە ئەو کارە قێزەونانەیان ئەنجامداوە و بە سزای یاساییان بگەێنێت. 

جەختی لەوەشکردووەتەوە، دوای ساڵانێک لە شەڕ، ڕۆڵی حکوومەتی نوێی سووریا پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانە نەک پێشێلکردنی مافەکانیان و هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل، بە تایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکان. 

رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری، لە شەڕەکانی ئەم دواییەی حەلەبدا 45 سڤیل و 60 چەکدار و ئاسایشی حەلەب لە هەردوولا کوژراون.