نرخی زێڕ و زیو لەبەرزبوونەوە ناوەستن
هیچ کات هێندە گران نەبوون
نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەک زیویش 91 دۆلاری تێپەڕاند، گرژییەکانی ئێران و نیگەرانی وەبەرهێنەران لە سەربەخۆیی سیاسەتی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری ڕێژەی سووی بانکیی ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان گەیشتە چوار هەزار و 639 دۆلار، بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد. لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نرخی مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە21 بۆ 968 هەزار دینار بەرزبووەوە.
جەیمی دوتا، شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای "Nemo.money" ڕایگەیاند؛ مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان و نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، خواستیان لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت زیاتر کردووە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا.
جەختیکردەوە، خۆپیشاندانەکانی ئێران گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی بە بەرزی هێشتووەتەوە، ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ.
جەیمی دوتا، هۆشداری لە ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا لە ئێران دا، بە تایبەت دوای ئەوەی ئامارەکانی گرووپی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەریدەخەن، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گەیشتووەتە دوو هەزار و 571 کەس.
لەلایەکی دیکەوە، سستبوونی گەشەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بەهای دۆلاری دابەزاندووە و بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. بازرگانان پێشبینی دەکەن، ئەمریکا دوو جار ڕێژەی سووی بانکی لە ماوەی ئەمساڵ کەمبکاتەوە و هێندەی دیکە پشتگری لە نرخی زێڕ بکات.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ یەکەمجار گەیشتە 91 دۆلار و 53 سەنت، لە یەک هەفتەدا نرخی ئەو کانزا بەنرخە 11 دۆلار بەرزبووەتەوە.
لەبارەی پێشبینی بۆ داهاتووی نرخی زێڕ و زیو، جەیمی دوتا دەڵێت: ئامانجی درێژخایەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ گەیشتنە بە پێنج هەزار دۆلار و زیو 100 دۆلار.