ئەمەریکا قۆناغی دووەمی پلانی ترەمپ بۆ غەززە ڕادەگەیەنێت
ئەمەریکا بە فەرمی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی "پلانی 20 خاڵی"ـی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی غەززە ڕاگەیاند، کە تێیدا جەخت لە گواستنەوە بۆ قۆناغی چەکدانان، دامەزراندنی ئیدارەیەکی تەکنۆکرات و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەمەریکا بە فەرمی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی "پلانی 20 خاڵی"ـی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی کەرتی غەززە ڕاگەیاند. ئەم قۆناغە نوێیە وەرچەرخانێکە لە دۆخی ئاگربەستەوە بەرەو داماڵینی چەک، حوکمڕانیی تەکنۆکرات و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە.
ویتکۆف دەڵێت: قۆناغی دووەم بناغەی ئیدارەیەکی گواستنەوەی تەکنۆکراتیی فەڵەستینی دادەمەزرێنێت لەژێر ناوی "لیژنەی نیشتمانی بۆ ئیدارەدانی غەززە، هەروەها دەست دەکات بە پرۆسەی چەکدانانی تەواوەتی و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە، کە هەنگاوی یەکەم و سەرەکی بریتی دەبێت لە داماڵینی چەک لە تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی مۆڵەتی یاساییان نییە
هۆشداریی بۆ حەماس
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەوە کردەوە، ئەمەریکا چاوەڕوان دەکات حەماس بە تەواوی پابەندی ئەرکەکانی بێت، بە تایبەتی گەڕاندنەوەی دەستبەجێی تەرمی کۆتا بارمتە، چونکە واشنتن هۆشداری داوە کە هەر جۆرە شکستێک لە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە، "دەرەنجامی مەترسیدار و جیددی" لێ دەکەوێتەوە.
ویتکۆف ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی قۆناغی یەکەمی پلانەکە کردووە، کە بووە هۆی گەیاندنی بڕێکی مێژوویی لە هاوکاریی مرۆیی، پاراستنی ئاگربەست، گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان، هەروەها گەڕاندنەوەی تەرمی 27 بارمتە لە کۆی تەرمی 28 بارمتە.
هاوکات ویتکۆف، بە ناوی ئەمەریکاوە لایەنی سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی هەریەک لە میسر، تورکیا و قەتەر کردووە، لە پای ئەو هەوڵە نێوەندگیرییە کاریگەر و لێدانەبڕاوانەی کە ئەنجامیان داوە، کە بەبێ ئەوان هیچ یەکێک لەم پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدی نەدەهاتن.
میسر: ڕێککەوتن کراوە و بەم زووانە لیژنەی بەڕێوەبردنی غەززە دەستبەکار دەبێت
لای خۆیەوە بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ناوی 15 ئەندام بۆ پێکهێنانی "لیژنەی تەکنۆکرات"، کە بڕیارە بە پێی پلانی سەرۆکی ئەمەریکا ئەرکی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سازانێکی تەواو لەسەر ئەندامانی لیژنە ئیدارییەکە کراوە کە لە 15 کەس پێکهاتوون. ناوبراو هیوای خواست کە دوای ئەم سازانە، "بەم زووانە لیژنەکە ڕابگەیەنرێت"، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە و دەستبەکاربوونی لیژنەکە لە غەززە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی ڕۆژانە.
ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان
قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ، کە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانی لەخۆدەگرت، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەوە، لەوانە: بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕەتکردنەوەی حەماس بۆ دانانی چەک، ڕادەستنەکردنەوەی ڕووفاتی کۆتا دیلی ئیسرائیلی تا ئێستا، هەروەها دواکەوتنی ئیسرائیل لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی ڕەفەح لەگەڵ میسڕ.
سەرەڕای ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکان لەلایەن هەردوولاوە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە، ترەمپ خواستی هەیە بۆ پەڕینەوە بۆ قۆناغی دووەم، کە دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" و بڵاوکردنەوەی هێزی ئاشتیپارێز لەخۆدەگرێت؛ هەنگاوێک کە هێشتا سازانی تەواوی لەسەر نەکراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنە تەکنۆکراتەکە لەگەڵ ملادینۆڤ لە قاهیرە کۆببنەوە. سەرچاوە میسڕی و فەڵەستینییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هەردوو بزووتنەوەی حەماس و فەتح (بە سەرۆکایەتی مەحموود عەباس)، پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی ئەندامانی لیژنەکە دەربڕیوە.
وردەکاریی پلانەکەی ترەمپ
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری چوار سەرچاوەی فەڵەستینییەوە بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت دۆناڵد ترەمپ هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی پلانی قۆناغبەندیی خۆی بۆ ئاییندەی غەززە بنێت، ئەوەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئەو ئیدارەیەی کە کەرتە وێرانبووەکە بەڕێوە دەبات.
بەپێی زانیارییەکان، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە مانگی تشرینی یەکەم ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ڕەزامەندییان لەسەر پلانی ترەمپ نیشان داوە کە لە 20 خاڵ پێکهاتووە. پلانەکە دەقی ئەوەی تێدایە کە "دەستەیەکی فەڵەستینیی تەکنۆکرات" لەژێر سەرپەرشتیی "ئەنجوومەنێکی ئاشتی"ی نێودەوڵەتیدا، بۆ ماوەیەکی گواستنەوە ئیدارەی غەززە دەدات، بە مەرجێک ئەم دەستەیە هیچ نوێنەرایەتییەکی بزووتنەوەی حەماسی تێدا نەبێت.