پزیشكیان: پێویستە حكوومەت كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، پێویستە حکوومەت کێشەکان چارەسەر بکات و فشاری ئابووری لەسەر هاووڵاتییان کەم بکاتەوە.
چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەم 2026، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند "دوژمنان هەموو هێزی خۆیان لە چوارچێوەی جەنگێکی چەند ڕەهەندیدا ڕێکخستووە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر وڵات و خەڵکی ئێران."
پزیشکیان، جەختی کردەوە لەوەی "پێویستە هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت هەوڵ بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەوان و ڕێگا لە پیلانگێڕیی دوژمنان بگرن."
هەر ئەمڕۆ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئێران بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکان و هیچ لایەنێکی سێیەم ناتوانێت کاریگەری لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەبێت."
لاڤرۆڤ، ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمەریکا بایەخی زیاتر بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان دەدات، ئەمەش وای کردووە کە ببێتە لایەنێکی باوەڕپێنەکراو، وێڕای دابەزینی توانای ڕکابەری ئەمەریکا لە جیهاندا.