13 رۆژە ژنێک ونە و هاوسەرەکەی شار بە شار بەدوایدا دەگەڕێت

هاوسەرەکەی: دڵنیام هەڕەشەیەکی زۆر گەورەی لەسەرە
هاوسەرەکەی: دڵنیام هەڕەشەیەکی زۆر گەورەی لەسەرە
هاوسەرەکەی: دڵنیام هەڕەشەیەکی زۆر گەورەی لەسەرە

K24 – هەولێر:
ژنێکی تەمەن 22 ساڵ، چیرۆکێکی ئاڵۆزی هەیە و 13 رۆژە ون بووە. باوک و خەزووری دوو قسەی تەواو پێچەوانە دەکەن و هاوژینەکەشی لەو نێوانەدا عەوداڵی سەرەداوێکە بۆ دۆزینەوەی، بۆیە شار بەشار بەدوایدا دەگەڕێت.
ئەو ژنە ناوی ئەسمەهانە، هەرچەندە تەمەنی تەنیا 22 ساڵە، بەڵام ناخۆشیی زۆری بینیوە. ئەسمەهان کچە بچووکی باوکییەتی، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 لە زاری سەرچاوەیەک لە خێزانەکەیەوە، "باوکی تەنیا کێشەی لەگەڵ ئەو کچەیدا هەیە".
کەیسێکی ئاڵۆز
ئەسمەهان دوای ئەوەی هاوسەرگیری کردووە، لەگەڵ ماڵی خەزوورانی لێیان بووەتە کێشە، باوکی دەڵێ پارەی لە ماڵی خەزوورانی بردووە بۆیە تەڵاق دراوە و هاتووەتە ماڵەوە، دواتر چووەتە بنکەی داڵدەدانی ژنان، لەوێش ئەرکانی ناسیوە و دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە.
بەگوتەی باوکی ئەو کچە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەگەڵ زاوا نوێکەی و ماڵی باوکی لەسەر ئۆتۆمبێلێک لێی بووەتە کێشە، چونکە ئەوان ئۆتۆمبێلێکیان لێی وەرگرتووە و دواتر فرۆشتوویانەتەوە بەبێ ئەوەی پارەکەی بدەنەوە، تاوەکو کار گەیشتووەتە ئەوەی ئیدی ئەسمەهان سەردانی ماڵی باوکی نەکات.
باوکی کچەکە کە قسەی بۆ کوردستان24 کرد، سەرەتا گوتی ئاگادار نییە لە ونبوونی کچەکەی، بەڵام گوتی دەیەوێت کچەکەی لەو هاوسەرەی جیاببێتەوە و بەیەکجاری کێشەکەی کۆتایی بێت.
باوکی کوڕەکە: سوێند بە سەری بووکەکەم دەخۆم 
باوکی ئەرکان دەڵێ ماوەی سێ ساڵە ئەرکان لەگەڵ ئەو کچە هاوسەرگیری کردووە، "ئەو و ئەرکان یەکتریان خۆشدەویست و بووکەکەم دەستپاکترین ژنە و تائێستا یەک هەڵەمان لێی نەبینیوە".
لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلەوە، باوکی ئەرکان باس لەوە دەکات خەزووری کوڕەکەی قەرزاریان بووە، بۆیە بریکارنامەی گشتیی بۆ کردوون، لەبری پارەکەش ئۆتۆمبێلەکەیان فرۆشتووە، هەروەها پێیوانییە ئەمە پەیوەندی بە کەیسی دیارنەمانی بووکەکەیەوە هەبێت.
لە هەولێر ون بوو
ئەرکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کاردەکات، بۆیە دەترسێت لەوەی ونبوونی هاوژینەکەی پەیوەندی بە یەکێک لەو کەیسانەوە هەبێت کە کاری لەسەر کردووە.
ئەرکان و ئه‌سمه‌هان لە سلێمانی دەژین، بەڵام لەکاتێکدا لە بازاڕی هەولێر بوون، هاوسەرەکەی ئەرکان کە مۆبایلەکەی ئەوی پێبووە، دیارنەماوە. باوکی ئەرکان دەڵێ بووکەکەم لەڕێگەی فەیسبووکی کوڕەکەمەوە دوو نامەی بۆ ناردووم لە یەکەمیان دەڵێ "خوشکم ئاگادارە چووم بۆ سلێمانی".
بەپێچەوانەی ئەرکان، باوکی زیاتر گومانی ئەوەیە ماڵی باوکی کچەکە، بووکەکەیان شاردبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش هەوڵدەدات خۆیان بیدۆزنەوە.
هەریەک لە ئەرکان و باوکی گلەییان لە بنکەیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەیە چونکە بە گوتەی ئەوان، بەهۆی ئەوەی ئەرکان ناسنامەی "ئەسڵی"ـی خۆی پێنەبووە، یەکەمجار کە سەردانیان کردوون، سکاڵایان لێ وەرنەگرتوون.
ئەرکان تەمەنی تەنیا 19 ساڵە و سێ ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەسمەهان کردووە، دەڵێ بە خۆشەویستی هاوسەرگیریم لەگەڵ کرد و هیچ گومانێکم لێی نییە، چونکە پێش هاوسەرگیرییەکە لێکۆڵینەوەی زۆرم لەسەر کرد و بەتەواوی متمانەم بە هاوسەرەکەم هەیە.
لە گوتەکانیدا بۆ کوردستان24، ئەرکان ئەوەی ئاشکرا کرد، ئێستا لە سۆران دەگەڕێتەوە، گوتی "هەرکەسێک رۆژێک سەلامم لێی کردبێت، دەچمە لای جا لە هەرشوێنێک بێت بۆ ئەوەی سۆراخی هاوسەرەکەم بکەم. راستییەکەی ئەوەیە لەو شار بۆ ئەو شار دەچم هەتاوەکو دەیدۆزمەوە، چونکە دڵنیام بە ویستی خۆی نەڕۆیشتووە و هەڕەشەیەکی زۆر گەورەی لەسەرە".