ئەڵمانیا و فەرەنسا هێز ڕەوانەی گرینلاند دەکەن
لە وەڵامێکی بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند، ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی هەنگاوی کردەییان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو ناوچە ستراتیژییەی جەمسەری باکوور دەستپێکرد، ئەمەش ئاڵۆزییەکی نوێی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دیوی ئەتڵەسی.
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا (بۆندسڤێر) ڕایگەیاند،؛ لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە تیمێکی سیخوڕی و سەربازی کە لە 13 شارەزا پێکهاتوون، ڕەوانەی گرینلاند دەکەین. ئامانجی ئەم تیمە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەیە بۆ ئەگەری بەشداریی سەربازی فراوانتر بە مەبەستی پشتگیریکردنی دانیمارک لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
هاوکات، فەرەنساش پشتڕاستی کردەوە کە بەشداریی لەو ئەرکە سەربازییە ئەوروپییەدا دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی ئەو خاکە.
ئەم ئالنگارییە ئەوروپییە دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە خواستی ئەمەریکای بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند دووپاتکردەوە، بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا و چین.
لە بەرامبەردا، لارس لۆکێ ڕاسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە توندی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردەوە.
ڕاسموسن ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک پێویست ناکات ئەمەریکا دەست بەسەر گرینلانددا بگرێت،" و داوای کرد واشنتن بە شێوەیەکی "ڕێزدارانە" هاوکارییەکان ئەنجام بدات نەک بە هەوڵی "داگیرکردن" کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی دانیمارکە.
سەرەڕای ئەوەی ترۆلێلس لوند پۆڵسن، وەزیری بەرگریی دانیمارک، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەندامانی ناتۆی بە "دوور" وەسف کرد، بەڵام کۆپنهاگن بڕیاری داوە بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکە چڕتر بکاتەوە. بڕیارە دانیمارک فڕۆکە، کەشتی جەنگی و سەربازی زیادە جێگیر بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سوید و چەند وڵاتێکی دیکە هاوپەیمانی ناتۆ ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ناردنی ئەفسەر و کارمەندی سەربازی بۆ دوورگەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ئەم کێشە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە پایتەختەکانی ئەوروپا هەوڵدەدەن یەکگرتوویی ناتۆ بپارێزن، بەڵام پێداگری ترەمپ لەسەر کڕین یان کۆنترۆڵکردنی گرینلاند، نادڵنیاییەکی گەورەی لەبارەی ئاسایش و سەروەریی ناوچەی جەمسەری باکوور دروستکردووە و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ناچار کردووە ڕیزەکانیان لە پشت دانیمارکدا توندتر بکەن.