عێراق ڕەتی دەکاتەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان وەستابێت

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی حکوومی ڕایگەیاند، ئاسمانی عێراق بەتەواوی کراوەیە و گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ هیچ وڵاتێک ڕانەگیراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، مەیسەم سافی، بە میدیدکانی ناوخۆی ڕاگەیاند، فڕۆکەخانەی بەغدا و سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بەردەوامن لە ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی و بەردەوام، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانەی بەغدا و فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق بڵاوبووەتەوە ڕەتکردەوە.

ڕوونیشیکردەوە، جوڵەی فڕۆکەکانی وڵاتان بەسەر ئاسمانی عێراق ئاساییە و بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر زانیارییەک باس لە ڕاگرتنی گەشتەکان یان داخستنی ئاسمانی عێراق بکات، ڕاست نییە.

لەبەرامبەردا کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەڵمانی لوفتهانزا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ عێراق و وڵاتێکی دراوسێی عێراق ڕاگرتووە.