زمانی کوردی لە تورکیا 70 جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی پلاتفۆرمی ڕاپۆرتکردن و چاودێریکردنی مافەکانی زمانی کوردی "Kurdish Monitoring"، لە ساڵی 2025دا قەدەغەکارییەکانی سەر کەلتوور و زمانی کوردی لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. 

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە لە دامودەزگا حکوومییەکان و تەنانەت لە شەقامەکانیشدا، بەردەوامی بەم قەدەغەکاریانە دراوە. بەپێی ئامارەکان، کەلتوور و زمانی کوردی لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 70 جار ڕووبەڕووی ئاستەنگی و قەدەغەکاری بووەتەوە. 

فەرید دەمیرەل، بەرپرسی نوێی پلاتفۆرمی ڕاپۆرتکردن و چاودێریکردنی مافەکانی زمانی کوردی، ئاماژەی بەوەدا، زمانی کوردی 25 جار، بواری هونەر و کەلتوور 17 جار، میدیا 15 جار و لە پەرلەمانیشدا 12 جار ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە. 

دەمیرەل گوتی: "کاتێک پەرلەمانتارێک ویستوویەتی بە کوردی قسە بکات، مایکرۆفۆنەکەی لێ داخراوە یان لە تۆمارە فەرمییەکاندا لەبری قسە کوردییەکان 'سێ خاڵ' دانراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە 'بە زمانێکی نەناسراو' قسەی کردووە."

هەروەها دەمیرەل جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای بانگەشەکانی حکوومەتی تورکیا سەبارەت بە لابردنی قەدەغە لەسەر زمانی کوردی، بەڵام لە کردەوەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئاستەنگی بۆ زمانی کوردی دروست دەکرێت، بەتایبەتی لە زیندانەکاندا کە زۆرترین پێشێلکاری تۆمار کراوە لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە گفتوگۆی تەلەفۆنی و ناردنی نامە بە زمانی کوردی.

لەلایەکی دیکەوە، نیهاد گولتەکین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، کە یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کار بۆ پاراستنی کەلتوور و زمانی کوردی دەکات، ڕایگەیاند، ئەم ئامارانە نیشاندەری سیاسەتی سیستماتیکی تواندنەوە و ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە کورد. 

گولتەکین گوتی: "پێویستە ئەم قەدەغەکاریانە هەڵبگیرێن و دان بە بوونی گەلێکدا بنرێت کە خاوەنی زمان و چاندی خۆیەتی و دەیەوێت بە زمانی خۆی پەروەردە ببینێت."

لە ماوەی ڕابردووشدا، یەکێک لە دیارترین نموونەکانی ئەم قەدەغەکاریانە، هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی گرووپی میوزیکی "مەمیان" بوو لە ئەستەنبوڵ، کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرا لە "قۆناغی چارەسەری"دا ئاستەنگییەکانی سەر چاندی و زمانی کوردی کەم ببنەوە، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەی ئەمە نیشان دەدەن.