نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات کێشەکانیان، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکەن، ئاماژە بەوەشدەدات، لە دۆخی سووریا نیگەرانن و پێویستە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکرێت، کە دژ بە خەڵکی مەدەنی لە حەلەب کراون.
فەرحان حەق، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین ساڵە هاوکاری لایەنەکانی عێراق دەکات و بەردەوامیشە لە هاندان بۆ دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا، گوتیشی، بەردەوام داوامان لە هەولێر و بەغدا کردووە گفتوگۆ بکەن.
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتیشی، کۆتایی ساڵی ڕابردوو ئەرکی یۆنامی لە عێراق کۆتایی هات، بەڵام لەگەڵ تیمەکانمان لەو وڵاتە بەردەوام دەبین لە هاندان بۆ دیالۆگی زیاتر لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەتایبەت کێشەی مووچە، کە یەکێکە لەو کێشانەی پێویستی بە دیالۆگی زیاترە، بۆ ئەوەی هەموو نیگەرانییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێن.
فەرحان حەق، لەبارەی سووریاوە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی شەڕی حەلەب نزیکەی 120 هەزار کەس ئاوارەبوون، بەگوێرەی راپۆرتەکانیش نزیکەی 30 هەزار ئاوارەش گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
باسی لەوەشکرد، ئەوەندەی ئاگادارین دۆخەکە لە گەڕەکەکانی ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود تۆزێک باش بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کێشە هەن و پێویستە چارەسەر بکرێن، لە نێویشیاندا هەڵگرتنەوەی ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی لە کۆتا رۆژەکانی شەڕدا بەجێماون.
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتیشی، نیگەرانین لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، کە بەهۆی شەڕەوە ناوچەکانی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها پێویستە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکرێت، کە دژ بە خەڵکی مەدەنی کراون.
سەبارەت بە دۆخی پێکهاتەکان لە سووریا فەرحان حەق جەختیکردەوە، بەردەوام هانی دەسەڵاتدارانی سووریایان داوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد سیستەمێکی حوکمڕانی گشتگیر پێکبهێنن، چونکە گرنگە خەڵکی سووریا حکوومەتێکیان هەبێت، هەست بکەن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی هەمووان بکات.
فەرحان حەق بە ئاماژەدان بە گرنگی دانوستاندن و گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و هەسەدە گوتی، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیان دابگرن و دەمانەوێت ئەم شەڕە کۆتایی بێت و دۆخی حەلەب ئاسایی بێتەوە، هەروەها دەمانەوێت شەڕ و تووندوتیژی لە نێوان پێکهاتەکان کۆتایی پێبێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە هانی پرۆسەیەک دەدەین، کە تێیدا لایەنەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەن، نەوەک بە ڕێگەی تووندوتیژی.
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕوونیکردەوە، چەندین کۆمەڵگە و پێکهاتەی جیاواز لە سووریا هەن و هەموویان پێویستیان بەوەیە هەست بکەن کە بەشێکن لەو وڵاتە.