هەسەدە لە دژی بڕیارێکی حکوومەتی سووریا ژمارەیەک ڕێگای ستراتیژی داخست
هەسەدە داخستنی سەرجەم ڕێگا و دەروازەکان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا، لە تەبقە، ڕەققە و دێرەزوور ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی دەروازە و هاتووچۆکاران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدایە، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بڕیاری داخستنی سەرجەم دەروازەکانی لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا، لە تەبقە، ڕەققە و دێرەزوور ڕاگەیاند.
بەپێی نووسراوەکە، ئەم بڕیارە لەبەر ڕۆشنایی "پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارەکان" و لە وەڵامی هەنگاوی "حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دیمەشق بۆ داخستنی دەروازەکان لە لای خۆیەوە" دراوە.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، داخستنی دەروازەکان لەلایەن دیمەشقەوە بووەتە هۆی "گرژیی ئەمنی و پەرەسەندنێکی مەترسیدار" و "کاریگەریی ڕاستەوخۆ و مەترسیداری لەسەر سەلامەتیی هاووڵاتییان، کارمەندان و گەشتیاران" دروست کردووە.
بڕیاری داخستنەکە، "تا ئاگادارییەکی دیکە" کاری پێدەکرێت، چەند حاڵەتێکی مرۆیی بەدەر کردووە، لەوانە:
- حاڵەتە مرۆییە بەپەلەکان
- ڕێکخراوە مرۆییە باوەڕپێکراوەکان
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی سەربازیی کردە سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و بەوهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی کورد شەهید، بریندار و ئاوارەبوون؛ سوپاکە ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەردوو ناوچەی (دێر حافر و مەسکەنە)ـی وەک ناوچەی 'سەربازیی داخراو' ناساند.