ئەرجەنتین لقەکانی ئیخوان موسلیمینی لە میسر و ئوردن و لوبنان خستە لیستی تیرۆر

حکوومەتی ئەرجەنتین، لقەکانی ئیخوان موسلیمین لە میسر و ئوردن و لوبنانی خستە لیستی ڕێکخراوە "تیرۆریستییەکان" و ڕایگەیاندووە، ئەندامانی ئیخوان موسلیمین و هاوپەیمانەکانیان ناتوانن لە لێپرسینەوە ڕزگاریان بێت.

پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی خافێر مێلال، سەرۆکی ئەرجەنتین، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، بڕیارەکەی حکوومەتی ئەرجەنتین لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە فەرمییەکان بووە، کە چالاکییە نایاساییەکانی ئەو ڕێکخراوە دەسەلمێنن، لەنێویاندا کردەوەی تیرۆریستی و بڵاوکردنەوەی پەیام و بانگەشە بۆ کردەوەی توندڕەوی و توندوتیژی.

هەر لە ڕاگەیەندرای نووسینگەکەی سەرۆک ئەرجەنتین هاتووە: ئیخوان موسلیمین پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە هەیە و ئەگەریی مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی ئەرجەنتین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە میکانیزمەکانی ڕێگری و دەستنیشانکردنی تیرۆری پێشوەختە و سزادانیان، وا دەکات لە ڕووی داراییەوە ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان لاواز بکات، هاوکات دڵنیایی دەدات لەوەی ئەندامانی ئیخوان موسلیمین و هاوپەیمانەکانیان ناتوانن لە لێپرسینەوە ڕزگاریان بێت.

بڕیارەکەی سەرۆکی ئەرجەنتین دوای ئەو هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دێت، کە پێشووتر ئیدارەی کۆشکی سپی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمینی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە لیستی تیرۆر تۆمار کردووە، بۆیە حکوومەتی ئەرجەنتنیش هەمان هەنگاوی ئەمەریکا دەگرێتە بەر دژی ڕێکخراوەکە.

ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 1928 لە میسر دروست بووە، لەم ساڵانەی دواییدا لەژێر فشاری زلهێزە گەورەکانی عەرەبیدا کاریگەری و جموجۆڵەکانی کەم بووەتەوە، ئەم ڕێکخراوە لە هەندێک وڵات وەک گرووپی تیرۆریستی وەک میسر و سعودیە دەستنیشان کراوە و لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن ئوردنەوە سەرجەم کار و چآلاکییەکانیان قەدەغە کرا.