کەمبوونەوەی ترس نرخی زیوی بە %6 دابەزاند

نرخی یەک کیلۆ زیاتر لە 150 دۆلار دابەزیوە

دیمەنی زیو
دیمەنی زیو

دوای تۆمارکردنی بەرزترین ئاست، نرخی زیو جارێکی دیکە ڕووی لە دابەزین کرد، تەنیا ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ زیو زیاتر لە 150 دۆلار دابەزیوە، کەمبوونەوەی مەترسییەکان لەبارەی هێرشی ئەگەری ئەمریکا بۆ سەر ئێران خواستی لەسەر زیو کەمکردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، نرخی یەک ئۆنسە زیو لە بازاڕەکانی جیهان بۆ 86 دۆلار و 42 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە حەوت دۆلار دابەزیوە، دوای ئەوەی نرخەکەی گەیشتە 93 دۆلار و 70 سەنت، بەرزترین ئاستی تۆمار کرد.

نرخی هەر کیلۆیەک زیو بۆ 2,836 دۆلار دابەزیوە، لە 24 کاتژمێردا 153 دۆلار لە بەهاکەی کەمبووەتەوە، دوا بەدوای گەیشتنی نرخی هەر کیلۆیەک بە 2,989 دۆلار.

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پشت دابەزینی نرخی زیون، ترەمپ دەڵێت؛ لەبری سەپاندنی پێناسی گومرگی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بڕی پێویستی کانزا ستراتیژییەکان بۆ ئەمریکا مسۆگەر بکات و مەترسییەکانی سەر دابینکردنی کانزاکان کەم بکاتەوە.

هاوکات، داواکاری لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک "پەناگەیەکی سەلامەت" کەمی کردووە، دوای ئەوەی ترەمپ گوتی؛ دڵنیایی پێدراوە کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران وەستاوە، ئەمە مەترسیی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ئەمریکای بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕەواندووەتەوە.

گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی یەدەگی فیدراڵی هێندەی دیکە بوونەتە فشار لەسەر نرخی زیو،  دواین زانیارییە ئابوورییەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی کەمیان هەبوو لەسەر پێشبینییەکان بۆ سیاسەتی دراوی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ڕێژەی سووی بانکی ئەو وڵاتە، ئەمە وێڕای پاشەکشەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا.

سەرەڕای دابەزینی نرخی زیو، لە یەک مانگی رابردوو نرخی ئەو کانزایە بە زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە، نرخی هەر کیلۆیەک زیو 850 دۆلاری چووەتە سەر.