وەزارەتى خوێندنى باڵا تاوتوێی ڕێنماییەکانى کردنەوەی خوێندنی ماستەر و دکتۆراى کرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرەڕاى ئەوەى بڕیاری دا ساڵانە ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان بکرێتەوە، بڕیاری ئەوەشی دا پێداچوونەوە بە چەند بڕگەیەکی ڕێنمایی ژمارە (12)ـى ساڵى (2024)ـى خوێندنى باڵا؛ دبلۆمى باڵا، ماستەر ، دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە ساڵی نوێ، گفتوگۆی لە بارەى پێداچوونەوە و دەوڵەمەندکردنى زیاترى ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان کرد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا سەرەڕای ئەوەی بڕیار درا ساڵانە ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان بکرێتەوە، بڕیاری ئەوەش درا پێداچوونەوە بە چەند بڕگەیەکی ڕێنمایی ژمارە (12)ـی ساڵی (2024)ـی خوێندنی باڵا؛ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان.

 

پێداچوونەوە بە چەند بڕگەیەکی ڕێنماییەکە، گرنگترینیان ئەمانەن؛

-لابردنى ئەو بڕگەیەیى کە هەڵەیەک ڕاستێک ئەسڕێتەوە لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.

-لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا، لە قوتابییانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى ڕێنمایی و ڕێکارە یاساییەکاندا.

-هیچ کورسییەکى بەتاڵ لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان پڕناکرێتەوە.

-پێداچوونەوەى مەرجدار بۆ مەرجى زمانى ئینگلیزى لە بەشە زانستى و مرۆڤایەتییەکان.