پوتن: کێشەکانی ئۆکرانیا پێویستییان بە چارەسەری ئاشتییانە هەیە

سەرۆکی ڕووسیا لە کرێملن گوتی: گرنگە بە زووترین کات بگەینە چارەسەری ئاشتییانە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا. 

پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، لە میانەی ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ ڕێزلێنان لە باڵیۆزە نوێیەکانی ڕووسیا لە کۆشکی کرێملن ڕێکخرابوو، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: پێویستە گفتوگۆیەکی بابەتییانە لەسەر پرسی بنیادنانی سیستەمێکی نوێی ئاسایشی بۆ ڕووسیا بکەین، جەختی کردووەتەوە، ڕووسیا هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بە ڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگ لەگەڵ وڵاتاندا. 

پوتن گوتی "بیرم دێتەوە کە ڕووسیا چەندینجار دەستپێشخەرییەکانی بۆ بنیاتێکی هاوبەشی نوێی ئاسایشی ئەوروپی و جیهانی دادپەروەرانە خستووەتەڕوو، کە دەبێت هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ گفتوگۆیەکی بابەتییانەی گرنگ، تا لە سایەیدا چارەسەری ئاشتییانەی جەنگی ئۆکرانیا بکرێت، جەختی لەوەشکردووەتەوە، بۆیە چەندە پەلە بکرێت و زووتر ئەو کارە ئەنجامبدرێت، باشتر دەبێت". 

24ـی شوباتی 2022، سوپای ڕووسیا هێرشی فراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەگەڵ ئەوەی جەنگەکە نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ساڵ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەستپێکردووە و دوایینجار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆیەکی زۆر باش و دوورودرێژی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە؛ گوتیشی: وا دیارە کارەکان بە باشی بەرەوپێش دەچن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین، بەڵام دۆخەکە لەوەی بیری لێدەکەینەوە سەختترە.

ترەمپ ڕژدە لەسەر ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوەکوو ئێستا هەشت جەنگی یەکلاکردووەتەوە و کێشەی نێوان تایلەند و کەمبۆدیاشیان چارەسەر کردووە کە کوشتاری لێکەوتبووەوە.