هەسەدە: ڕێگری لە دانیشتووانی دێر حافر نەکراوە بچنە دەرەوە
هەسەدە بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاڕاستەی کردوون سەبارەت بە ڕێگریکردن لە چوونەدەرەوەی دانیشتووانی دێر حافر. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری ڕاستەقینەی پەککەوتنی جووڵەی هاووڵاتییان، بۆردومان و داخستنی دەروازەکانە لە لایەن خودی حکوومەتی سووریاوە.
پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانمان بە توندی ئەو بانگەشە و تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریـی حکوومەتی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە ڕێگری لە چوونەدەرەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری دێر حافر دەکرێت."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، کە پەککەوتنی جووڵەی هاووڵاتییان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە، کۆکردنەوەی هێز و بۆردومانە بەردەوامانەیە کە گرووپ و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ئەنجامی دەدەن.
هەسەدە، دەشڵێت: خودی حکوومەتی سووریا لە ڕێکەوتی 6ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بە فەرمی دان بەوە دانا کە سەرجەم دەروازەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داخستووە، کە ئەمەش پووچەڵیی بانگەشەکانی ئێستایان دەسەلمێنێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر جۆرە کۆچپێکردنێکی هاووڵاتییان لەژێر هەڕەشەی هێزدا لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، بەپێی ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤ و پەیڕەوی بنەڕەتیی (ڕۆما)، وەک تاوانی جەنگ دەناسێنرێت. ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە بە ڕوونی بە ئامانجگرتن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو مەدەنییەکان و هەر کردەوەیەک کە ئامانجی کۆچپێکردنی زۆرەملێ بێت، قەدەغە و تاوانبار دەکەن.
هاوکات هەسەدە لە ڕاگەیەنراوەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتی حکوومەتی سووریا بکەن. هۆشداریش دەدەن کە ئەم سیاسەتانەی حکوومەتی وڵاتەکە، دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 170 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ستایشی هەڵوێستی دانیشتووانی ناوچەکە کراوە و هاتووە: ئەمڕۆ خەڵکی دێر حافر سەلماندیان کە دەستبەرداری خاک و ماڵەکانیان نابن و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە زەبری هێز و فشاری سەربازی، مافی مانەوەیان لێ زەوت بکات.