هاوڕێ کەمال: دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستاندا نییە
هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، قسەکانی عومەر وائلی، سەرۆکی دەزگا سنوورییەکانی عێراقی سەبارەت بە بوونی دەروازەی سنووری نافەرمی لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە و گوتی: ئەو قسانەی عومەر وائلی ناڕاستن و تەواوی ئەو دەروازە سنووریانەی لە هەرێمی کوردستاندا هاتوچۆی بازرگانییان تێدا دەکرێت، دەروازەی فەرمین.
هاوڕێ کەمال پێی وابوو، قسەکانی عومەر وائلی وێنایەکی زۆر ناشرینی نیشانی داوە کاتێک دەڵێت:"ئەم دەروازانە نا فەرمین"، چونکە هیچ دەروازەیەکی نا فەرمی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، گوتی:"چەندین جار پێیانمان گوتوون وەرن سەیری دەروازەکان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان وایە ئێمە دەروازەی وامان هەیە کەس پێی نازانێت، بەڵکو ئەمە ناڕاستە و هەموو دەروازەکان بە سستەم ڕێکخراون و کار دەکەن".
هاوڕێ کەمال نموونەی دەروازەی پەروێز خان و باشماغ و ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانی هێنایەوە کە لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەروازەی فەرمین، بەڵام دەروازەی کێلێ لە قەڵادزێ، لای ئەوان فەرمی نییە، ئەوە نازانن کە لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەروازەیەکی فەرمییە و ژیانی خەڵکی ناوچەکەی لەسەرە، دەشڵێت: ناکرێ خەڵکێک لەو ناوچەیەوە بچێتە حاجی ئۆمەران، یاخود باشماغ بۆ ئەوەی هاتوچۆ بکات.
هاوڕێ کەمال باسی لە ژمارەیەکی دیکەی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان کرد کە هاتوچۆی بازرگانییان تێدا دەکرێت و وائلی پێی وایە فەرمی نیین، بەلام لای ئێمە فەرمین، وەک دەروازەی(شوشمێ، سەیران بەند، سەر زێڕ، زێت، پێشخابوور) کە هەموویان بوون بە هۆکاری جووڵەیەکی زۆر باشی ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش، هاوڕێ کەمال گوتی:"ناکرێت ئێمە هەموو ئەو دەروازانە دابخەین بۆ ئەوەی لەبەرچاوی عومەر وائلی چاک دەربچین، خۆشی لەبەر ئەوەی ناوی عومەرە ڕێگە نادەن بگاتە دەروازە سنوورییەکانی خۆشیان.