گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەردەوامن

فڕۆکەخانەی بەغدا
فڕۆکەخانەی بەغدا

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە جموجۆڵی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و تورکیا بە شێوەیەکی ئاسایی و ڕێکخراو بەردەوامە، وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا گۆڕانکارییەک لە کاتی گەشتەکانی کۆمپانیا تورکییەکاندا ڕوویداوە کە بۆ ماوەیەکی کاتی لە شەو بۆ ڕۆژ گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی بەبێ گۆڕانکاری و لە هەردوو کاتی شەو و ڕۆژدا بەردەوامییان هەیە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، زانیاری نوێی لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات خستە ڕوو و ڕایگەیاند: پڕۆسەی گواستنەوەی گەشتیاران بەردەوامە، ناوبراو ڕوونیکردەوە، کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی تورکیا، هاوشێوەی چەند کۆمپانیایەکی دیکەی نێودەوڵەتی، بڕیاریان داوە بۆ ماوەیەکی کاتی خشتەی گەشتەکانیان بگۆڕن و تەنیا لە کاتی ڕۆژدا فڕینەکانیان ئەنجام بدەن.

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دڵنیایی دا لەوەی، ئەم ڕێکارە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گەشتەکانی کۆمپانیا نیشتمانییەکانی عێراق نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە هەردوو کاتی شەو و ڕۆژدا گەشتەکانیان بۆ تورکیا و بەپێچەوانەشەوە ئەنجام دەدەن، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێت و جووڵەی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامی پێدەدات.