سێنتکۆم: لە سێ مانگدا بە بەهای زیاتر لە 330 ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە

ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025، هێزی هاوبەشی دەریایی، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویانە دەستبەسەر زیاتر لە 18 تۆن ماددە هۆشبەرەکاندا بگرن، کە بەهاکەی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بووە.

سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ڕاپۆرتی چالاکییەکانی هێزی هاوبەشی دەریایی بڵاوکردووەتەوە، کە هێزی 47 وڵات تێیدا هاوپەیمانن و ئەرکی هێزە هاوبەشەکە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەتی دەریایی و تۆکمەکردنی سەقامگیری بازرگانی یاسایی دەریاییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە کۆتا مانگەکانی ساڵی 2025دا، هێزە دەریاییە هاوبەشەکانمان (CMF) دەستیان بەسەر زیاتر لە 18 تۆن کریستاڵ و ماددە هۆشبەرەکانی دیکەدا گرتووە کە بەهای زیاتر لە 330 ملیۆن دۆلارە.

هەروەها ئاماژەیداوە، گەورەترین ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەکە لە 18ی تیشرینی یەکەمی 2025دا بووە، کاتێک هێزی دەریایی پاکستان دوو تۆن کریستاڵ و 50 کیلۆگرام کۆکاینی لە باکووری دەریای عەرەبدا دەستبەسەردا گرتووە، کە بەهاکەی 157 ملیۆن دۆلار بووە. دواتر، لە تشرینی دووەمی 2025دا، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا توانراوە دەستبەسەر بڕێکی زۆری کریستاڵدا بگیرێت، کە بەهاکەی نزیکەی 130 ملیۆن دۆلار بووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم هاتووە، دوو کەشتی هێزی دەریایی فەرەنسی، لە دەریای عەرەبی 9 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و زیاتر لە 16 تۆن کریستاڵ و حەشیسیان دەستبەسەردا گرتووە، کە بەهاکەی 142 ملیۆن دۆلارە، پێشتریش لە زەریای هیندی، دەریای عەرەبی و کەنداوی عوممان توانراوە 30 تۆن ماددەی هۆشبەر لە کریستاڵ، هیرۆین و کۆکاین دەستی بەسەردا بگیرێت.