مارک ساڤایا: چارەسەرێک بۆ کێشەکانی عێراق دەدۆزینەوە

مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئیدارەی وڵاتەکەی، چەند وێنەنەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: عێراق مەزن دەکەینەوە.

مارک ساڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمڕۆ هەینی 16ی کانوونی دووەمی 2026، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر یەک لە پێت هێگیسیس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا و سباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: لە کۆشکی سپی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆبوومەوە و گفتوگۆمان لە بارەی ئەو باس و بابەتانە کرد لە سەردانی داهاتووم بۆ عێراق دێنە پێش، بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروستیان لە بارەوە بدەم کە لە بەرژەوەندی و خزمەتی گەلی عێراق بن.

ساڤایا لەکۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "عێراق مەزن دەکەینەوە".

 
 
 
 

بە گوتەی چەند سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆشکی سپی، بڕیارە لەم نزیکانە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێر بکات، گوایە ئامانجی سەردانەکە دەستپێکردنی زنجیرەیەک گفتوگۆ دەبێت بۆ خستنەڕووی نەخشەڕێیەکی ئیدارەی ئەمەریکا پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و ڕوونکردنەوەی پەیامی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها یەکێک لە تەوەرە سەرکی و هەستیارەکانی سەردان و گفتوگۆکانی ساڤایا، پەیوەستە بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق.