پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت

کارزان عەبدولهادی
کارزان عەبدولهادی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێدا ئامادەکاری بۆ قۆناغی شەشەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات. 

کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ناوی 80 هەزار فەرمانبەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی پارچە زەوی سوودمەند بن، جەختیشی کردەوە، پڕۆسەکە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت تا وەرگرتنی زەوی لەلایەن دوایین فەرمانبەرەوە بەردەوامی دەبێت.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر وردەکارییەکانی پڕۆسەکەی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، لەوەتەی دەستپێکردنی پڕۆسەکە تا ئێستا، بە 5 قۆناغی جیاواز 33 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە. 

ناوبراو ڕوونیکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون، مافی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەستەبەر بکرێت و ئێستا تیمەکان سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ دەستپێکردنی قۆناغی شەشەمی دابەشکردنەکە.

گەڕانەوەی ناوی ئەو 80 هەزار فەرمانبەرە لە ئەنجوومەنی وەزیران، قۆناغێکی گرنگی پڕۆسەکەیە بۆ داپۆشینی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە سنووری پارێزگای هەولێر. 

کارزان عەبدولهادی دڵنیایی دایە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، حکوومەت پابەندە بە پێدانی زەوی بە هەموو ئەو کەسانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوون و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و ڕێکخراو بەڕێوە دەچێت.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی نیشتەجێبوون و باشترکردنی باری گوزەرانی مووچەخۆران،ئەم پڕۆژەیە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ قەرەبووکردنەوەی ماندووبوونی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی بۆ ئەو چینە سەیر دەکرێت کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتی کەرتی گشتی دەکەن.