ئەحمەد شەرع داوای دیپۆرتکردنەوەی سورییەکان لە ئەڵمانیا دەکات
بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا، لە یەکەم گەشتی ئەمساڵی، بگاتە وڵاتی ئەڵمانیا، دیوانی سەرۆکایەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: فرانك-ڤاڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی فیدراڵی ئەڵمانیا، بەیانی ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی بێلڤیو لە بەرلین، لەگەڵ شەرع کۆدەبێتەوە سەبارەت بە داوای شەرع بۆ دیپۆرتکردنەوەی سوورییەکان و چەند پرسێکی دیکەی نێوان هەردوو وڵات.
گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا جەختی کردەوە، سەرۆکی سووریا لەم سەردانەدا لەگەڵ فرێدریک مێرتز لە بەرلین کۆدەبێتەوە. تەوەری سەرەکی و بنەڕەتی گفتوگۆکانیان بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە.
ئەم سەردان و داوایەی شەرع بۆ ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، سووریا بەدۆخێکی زۆر خراپی ئارامی و ئاسایشدا تێپەڕ دەبێت، هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا ئێستا لە شەڕێکی قورسدان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، بەر لە چەند ڕۆژێکیش هێرشی گەورەی کردە سەر هەردوو گەڕەکی شیخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب و بە زەبری هێز هەردوو گەڕەکەکەی داگیر کرد و خەڵکەکەی ئاوارەی عفرین کرد، بەر لەوەش، هێزەکانی عەرەبی سووریا هێرشیان کردەوە سەر عەلەوی و درووزەکان و کریستیانەکانی وڵاتەکە و کۆمەڵکوژی گەورەی لە ناوچەکانیان دروست کرد.