مۆسکۆ هەوڵی نێوەندگیریی تاران و تەلئەڤیڤ دەدات
پوتن لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ پزیشکیان و ناتانیاهۆ، هەوڵەکانی بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیی جەنگ و هاندانی لایەنەکان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری دیپلۆماسی چڕکردەوە.
ڕووسیا، کە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی بۆ هەریەک لە ئێران و ئیسرائیل هەژمار دەکرێت، بە فەرمی هاتە نێو گۆڕەپانی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتبوونە لوتکە.
ڕۆژی هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی وڵاتەکە، بە تەلەفۆن، بە جیا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە.
پیسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی ئێران، پوتنی لە وردەکاریی ئەو هەوڵە چڕانە ئاگادار کردەوە کە سەرکردایەتیی ئێران بۆ چارەکردنی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەیان دەیگرنەبەر.
هاوکات گوتەبێژەکەی کرێملن ڕایگەیاند: هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان چ لە ناوخۆی ئێران و چ لەسەر ئاستی ناوچەکە بە گشتی، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە یەکلا بکرێنەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دیکەدا لەگەڵ ناتانیاهۆ، جەختی لەسەر "ئامادەیی مۆسکۆ بۆ بەردەوامیدان بە ڕۆڵی نێوەندگیری" کردووەتەوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد، کە سەرۆکی ڕووسیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هاندانی لایەنەکان بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
هاوشانی ڕووسیا، وڵاتانی وەک تورکیا، قەتەر، سەڵتەنەی عوممان و میسر دەستیان بە جوڵەی دیپلۆماسیی چڕ کردووە بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە چەندین لایەنی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن و هۆشداری دەدەن لە دەرەئەنجامە مەترسیدارەکانی هەڵگیرسانی جەنگ، بە تایبەتی کە ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی کردووە ئەگەر ڕووبەڕووی هەر هێرشێک ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دانی بەوەدا نا کە دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆی کردووە لە بارەی دۆخی ناوخۆی ئێران و پەیامێکی ترەمپی پێ گەیاندوون.
هاوکات بڕیارە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە دۆسیەی ئێران بگاتە ئەمریکا.