تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی کۆدەبنەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بڕیارە سبەی تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆببنەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیانوسیتووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاند: سبەی شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026 لە شاری هەولێر، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا بە گشتیی و دوایین گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا تاوتوێ دەکرێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە گرژییەکان ڕووی لە هەڵکشان کردووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکوومەتی سووریا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان.

ئەم هەڕەشانەش دوای ئەوە هاتن، کە هەفتەی ڕابردوو پێکدادانی سەربازی لە نیوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سوپای عەرەبیی سووریا لە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕووی دا و، دوای چەندین ڕۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکە کشانەوە.

چاودێران پێیان وایە هەر پێکدادانێکی نوێ ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری ساڵی ڕابردوو، کە لە نێوان مەزڵووم عەبادی و ئەحمەد شەرع، واژۆ کرابوو. ئەو ڕێککەوتنە نەخشەڕێگەی بۆ تێکەڵکردنەوەی باڵە مەدەنی و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریا دیاریی کردبوو.