ئەوقافی سلێمانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی مزگەوتی بەختەوەری دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، ڕێگە بە هیچ وتارخوێنێک نادرێت مینبەری مزگەوت بۆ هێرشکردنە سەر کەس و لایەنەکان بەکاربهێنێت. هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکەی مزگەوتی بەختەوەری پێکدەهێنێت.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو گرژییە بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ هەینی لە مزگەوتی (بەختەوەری)ی شاری سلێمانی ڕوویدا و، تێیدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ بەدواداچوونی وردی بابەتەکە دەرکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەوقاف، گرژییەکە لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری هەینیدا دروست بووە، کاتێک مامۆستای وتارخوێن باسی لە "کۆمەڵێک بابەتی لابەلا و دەرەوەی چوارچێوەی وتار" کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گفتوگۆیەکی توند و ناڕەزایەتی لەنێوان وتارخوێن و ژمارەیەک لە نوێژخوێنان، کە دواجار نیگەرانیی لای ئامادەبووان دروست کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر پابەندبوون بە ڕاسپاردەکانی "کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئاینی" کردووەتەوە. لە خاڵی یەکەمی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: "بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە هیچ مامۆستایەکی وتارخوێن، چ بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە کاتی وتار و لەنێو حەرەمی مزگەوتدا هێرش بکاتە سەر هیچ کەس، لایەن، یان گرووپێک.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو جۆرە ڕووداوانە، ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکدانی کەشی مەعنەویی وتار و دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێو نوێژخوێناندا، زیان بە ئارامی و شکۆی مزگەوتەکان دەگەیەنێت، کە ئەمەش دیاردەیەکی نەخوازراوە و جێگەی قبووڵکردن نییە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوقافی سلێمانی بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە و ڕایگەیاندووە: "بڕیارمان داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە ڕاستیی و دروستیی بابەتەکە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە ،کە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکەن.