ئەمریکا تۆڕی پەیوەندیی سەربازیی عێراق فراوان دەکات

حکوومەتی ئەمریکا بڕیاری فرۆشتنی کەرەستەی فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندیی سەربازی بە عێراق، بە بەهای 110 ملیۆن دۆلار پەسەند کرد.

شەممە، 17 کانوونی دووەم، 2026، پێگەی Defensepost، ڕایگەیاندووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەهای 110  ملیۆن دۆلار، ئامێر و پێدوایستیی تایبەت بە فراوانکردن و بەهێزکردنی تۆڕی پەیوەندیی مانگی دەستکردی سەربازی دەفرۆشێتە عێراق. ئەو کەرەستە و ئامێرانە بریتین لە وێستگەی پەیوەندی، مۆدم، پارچەی یەدەک و پشتیوانیی تەکنیکی درێژخایەن."

پێشتر، حکوومەتی ئەمریکا بە بەهای 46 ملیۆن دۆلار، کەرەستەی تەکنیکی لە هەمان بواردا  بە عێراق فرۆشتبوو. ئامانجی گرێبەستەکە بەهێزکردنی توانای عێراقە بۆ گواستنەوەی زانیاری سەبازیی بە شێوەیەکی نهێنیی زۆر بەرز لە نێوان دامەزراوە سەربازییەکانیدا

کۆمپانیای پەیوەندییەکانی "Network Innovations" کە بنکەکەی لە مێریلاندە، وەک بەڵێندەری سەرەکی دیاری کراوە. پاکێجەکە، جگە لەو ئامێر و کەرەستانە،  مەشق و پشتیوانیی ئەندازیاری لەخۆ دەگرێت؛ ئەوەش لەلایەن تیمەکانی حکوومەتی ئەمریکا و بەڵێندەرانەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لە ناوخۆی عێراق جێبەجێ دەکرێت. 

پەسەندکردنی فرۆشتنی ئەم کەرەستانە، لە چوارچێوەی شێوازێکی فراوانتری هاوکاریی بەرگری نێوان ئەمریکا و عێراقدایە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا، کە گرێبەستەکانی ئەم دواییە زیاتر لەسەر بەردەوامیی بە مەشق و چاودێریی چڕ بوونەتەوە.