فەوزی هەریری: سەرۆک بارزانی بەردەوام هەوڵی پاراستنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەدات

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆک بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ هەردوو حکوومەتی تورکیا و سووریا بۆ پاراستنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان. 

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، بۆ هەولێر، قسەی بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 کرد. 

بە گوتەی فەوزی هەریری، سەرۆک بارزانی هەمیشە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، حکوومەتی تورکیا و حکوومەتی سووریا لەسەر هێڵ بوون بۆ خاوکردنەوەی گرژیەکان و پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان."

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بێت رۆڵی کارایی دەبێت لە نزیککردنەوەی دیدگە جیاوازەکان لەبارەی سووریا و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە. 

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر. 

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا، ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025، لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا؛ شەڕەکەی ئەم دواییەی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکەن. 

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا لە ماوەی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە. بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، پێکدادانی قورس ڕوویداوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتی کورد و ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە.

ئەم گرژییانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ڕێککەوتننامەی 10ی ئاداری ساڵی پار. ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا واژۆ کرابوو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کۆبوونەوەی هەولێر بەشێکە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە. هاوکات، سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، گوتی واشنتن بێدەنگیی شکاندووە و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دیمەشق گۆڕیوە.