ئەنەکەسە: پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریا بچەسپێنرێت

ئەندامێكی ئەنەكەسە، مەرسوومەكەی ئەحمەد شەرع بە هەنگاوێكی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا دەبینێت.

بڕیارەكەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ دەركردنی مەرسوومێکی كۆماریی سەبارەت بە مافەكانی کورد كاردانەوەی بەرفراوانی لێ كەوتەوە و ئەندامێكی نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا، ئەنەكەسە، لە ھەولێر، دەڵێت: بڕیارێكی دروست و گونجاوە، ھەرچەند دواكەوت، بەڵام هەنگاوێکە بۆئەوەی پرسی کورد بچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

مەرسوومەكە، ھەشت خاڵ لەخۆدەگرێت و تێیدا دان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا دەنێت، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دەناسێنێت و بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات بۆ گەڕاندنەوەی رەگەزنامە بۆ ئەو کوردانەی بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ەوە لێی بێبەش کرابوون.

نەواف رەشید، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنەكەسە، لە ھەولێر، بە كوردستان 24ی راگەیاند "ھاوبەشی و پاراستنی مافی پێكھاتەكانی سووریا لە مەرجەكانی ئەمریكا و فەڕەنسا بوون بۆ پاڵپشتیكردنی ئەحمەد شەرع، بۆیە ھەنگاوێكی لەوجۆرە چاوەڕوانكراو بوو. هەرچەند مەرسوومەكە بێ كەموكوڕیی نییە و ھەندێ لە بڕگەكانی روون نیین، بەڵام ئێمە بە ھەنگاوێكی باشی دەزانن."

ئەندامەكەی نوێنەرایەتیی ئەنەكەسە، لە ھەولێر، لایوایە، رێككەوتنی 10ی ئاداری نێوان مەزلووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ھەروەھا ھەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بۆ كۆكردنەوەی لایەنە كوردییەكان، ھاوكات گوشارەكانی وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی رۆژئاوا رۆڵیان لە دەركردنی ئەو مەرسوومێكی هەبووە.  

نەواف رەشید، دەشڵێت: بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویست بوو ھەر لە سەرەتاوە ھەنگاوی سیاسی نرابایە، بەڵام پشتگوێخستنی لایەنە سیاسییەكان لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، دۆخەكەی رووبەڕووی كێشە و رووداوی وەكو بەرئاڤێ، سوەیدا و رووداوەكانی ئەم دواییەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە كرد. 

ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتی ئەنەكەسە، لە ھەولێر، دووپاتیشی كردەوە "بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق رووبەڕووی پێشھاتی نەخوازراوی وەكو پارچە پارچە بوونی سووریا نەبنەوە، دەبێت بڕگەکانی ئەو مەرسوومە جێبەجێ بكات و لە دەستووردا جێگیری بكات. لەبەرئەوەی مەرسوومەكە كۆمارییە پێویستە شرۆڤە و لێكدانەوەی بۆ بكرێت، بۆ نمونە لە خاڵێكی مەرسوومەكەدا زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دەناسێنێت، بەڵام دەبێت روونكردنەوەی زیاتر بدرێت لەوەی زمانی كوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بێت." 

نەواف رەشید، بڕوای وایە، ھەڵوێست و ھەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی رۆڵێكی بەرچاویان ھەیە و دەڵێت: سەرۆك بارزانی لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات و بایەخ بە جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەدات، بۆیە كۆبوونەوەی تۆم باراک، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە ھەولێر، دەتوانێت گەرەنتی جێبەجێكردنی بڕیارەكان و فەراھەمكردنی زەمینەی دیالۆگی سیاسی بدات." 

لای خۆیەوە، ئیبراھیم برۆ، ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا، ئەنەكەسە، دەڵێت: ئەم مەرسوومە، هەنگاوێکە بۆ دیاریکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا و هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ لەبارەی مافی کورد كە دوای سەد ساڵ لە بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا یەكەم جارە مەرسوومێكی لەوجۆرە لە ئاست سەرۆكایەتیی كۆمار دەردەچێت. دەركردنی ئەو مەرسوومە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە ھەنگاوێكی ئاساییە و لەوانەیە لەم كاتەدا لەژێر گوشارێكی نێودەوڵەتی و رووداوەكانی ناوچەكەدا بێت، بەڵام ئێمە جێبەجێكردنی بە پێوەر دەزانین. 

ئیبراھیم برۆ، دەشڵێت: پێویستە لایەنە كوردییەكان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و بەتایبەت پێشھاتەكانی سووریا بكەن و خوێندنەوەی ژیرانەیان ھەبێت. لە سووریا گۆڕانكاری گەورە دروست بوو، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەكات و داوای چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی دەكات، بۆیە پێویستە لایەنەكان لە رۆژئاوای كوردستان بۆچوونێكی سیاسیی ھاوبەشیان ھەبێت و دانوستان لەسەر مافە دەستوورییەكانی كورد لە سووریا بكەن."

ئەو، گوتیشی: دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ سووریا، مافەكانی كورد لەو وڵاتە ھاوشێوەی دۆسییەیەكی سەربازی لێكدانەوەی بۆ كرا، كە دەتوانین دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و ھەسەدە لەو بارەوە بە كەمتەرخەم بزانین. 

ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا، گوتیشی: مافەكانی كورد لەو مەرسوومە بەرفراوانترە، بەڵام هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ كاركردن لەسەر دەستووری ھەمیشەیی سووریا كە تێیدا جەخت لەسەر مافەكانی كورد بكرێتەوە.

سەبارەت ھەڵویستێكی یەكگرتوو و یەكدەنگی لایەنە كوردییەكان، ئیبراهیم برۆ، دەڵێت: كۆنفرانسی لایەنە كوردییەكانی سووریا لە 26ی نیسانی ڕابردوو،  ئامانج لێی دیالۆگی سیاسی بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام جێبەجێ نەكرا و هەسەدە كەمتەرخەم بوو. بۆیە پێویستە كورد تەنیا پشت بە لایەنی سەربازی نەبەستێت و سوود لە دیالۆگی سیاسی وەكو چەكێكی بەھێز بۆ دەستخستنی مافەكانی کورد لە سووریا. وەربگرێت.