یەڵدا هەرکی: شیعر تەنیا گێڕانەوەی ژیان نییە، بەڵکو دروستکردنی ژیانە لەناو فەزایەکی ئازاددا
خانمە شاعیر و نووسەر، یەڵدا هەرکی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لە بواری شیعرنووسین و باس لە خەسڵەت و تایبەتمەندیی شاعیر دەکات و دەڵێت: "خەسڵەتی شاعیر لەوەدایە کە نەبێتە بەشێک لە باو، بەڵکو هەمیشە وەک پرسیارێکی توند لەبەردەم ویژدانی سەردەمەکەیدا بمێنێتەوە."
ڕۆژی شەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2026، خانمە شاعیر و نووسەر، یەڵدا هەرکی، باسی لە ئەزموونی خۆی لە بواری شیعرنووسیندا کرد و گوتی: "بۆ من، شیعر جۆرێکە لە کۆچکردن، کۆچ لە جیهانی بەرجەستەوە بۆ ناو ڕەهەندە شاراوەکانی بوون. لەو ئەزموونەدا، فێربووم کە شاعیربوون واتە شایەتحاڵبوون؛ شایەتیدان لەسەر ئەو جوانییە سۆفییانەیەی لە بێدەنگیدا هەیە و ئەو حەماسەتە بریندارەی کە لە خاکی مندا دەژی. ئەزموونی من لەو خاڵەدا چەکەرەی کرد کە تێگەیشتم شیعر تەنیا گێڕانەوەی ژیان نییە، بەڵکو دروستکردنی ژیانە لەناو فەزایەکی ئازاددا کە هیچ سنوورێکی فیکری و جوگرافی ناتوانێت دەستەمۆی بکات."
ئەو خانمە شاعیرە باسی لە ڕۆڵی ڕەخنەی جددی بۆ دروستبوونی شیعری باش کرد و گوتی: "ڕەخنەی جددی دەتوانێت باخەوانێکی باش بێت بۆ بژارکردنی دەق، بەڵام تۆوی شیعر دەبێت لە ئەزموونێکی ڕاستگۆیانەی ناوەوە بێت. ڕەخنە دەق ڕووندەکاتەوە، بەڵام تەنیا عەشق دەق دەخوڵقێنێت. ڕەخنە دەتوانێت جەستەی شیعر ڕێکبخات، بەڵام خوێنی ناو دەمارەکانی شیعر دەبێت لە ئەزموونێکی قووڵی فەلسەفیی شاعیر خۆیەوە سەرچاوە بگرێت."
یەڵدا هەرکی گوتیشی: "جەوهەری شیعر لەم سەردەمەدا بەرەو کەمبوونەوە چووە و زۆر جار گرێی زمانەوانی یان ڕیزکردنی وشەی بێمانا بە هەڵە ناوی لێنراوە شیعر. گۆرانی پێویستی بەو سادەییە قووڵە و ئاوازە ناوەکییە هەیە کە تەنیا لە شیعری ڕەسەندا دەست دەکەوێت. کاتێک دەقێک لە جەستەیەکی بێڕۆح بچێت و تەنیا یاریکردن بێت بە وشە، ناتوانێت لەناو دڵی ئاوازدا جێگەی ببێتەوە. گۆرانییەک کە بمێنێتەوە، پێویستی بە شیعرێکە کە ڕاستییەکی مرۆیی تێدا بێت، نەک ئەو نووسینە بازاڕی و ڕووکەشانەی کە ئێستا بە ناوی شیعرەوە دەرخواردی خوێنەر دەدرێن."
یەڵدا هەرکی، وەک شاعیرێکی ئافرەت، باسی لە ئازادیی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا کرد و گوتی: "ئازادی بۆ من مانایە نەک درووشمی سیاسی. وەک شاعیرێک، ئازادی لەوەدا دەبینم کە ئافرەت بتوانێت بەبێ ترس لە قەزاوەتی مێژووییدا خودی خۆی بنووسێتەوە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئازادی هێشتا لە قۆناغی جەنگدایە بۆ سەلماندنی بوونی ڕاستەقینەی مێینە."
دەربارەی پەیامی شیعرەکانی، ئەو خانمە شاعیرە ئاماژەی بەوە کرد و گوتی: "پەیامی شیعرەکانی من، بانگهێشتکردنی مرۆڤە بۆ پردبوون؛ پردێک لە نێوان ئەو شتانەی دەبینرێن و ئەو ڕاستییانەی کە لە پشت پەردەی ماددەوە حەشار دراون. من نامەوێت وەڵامی ئامادە بدەمە خوێنەر، بەڵکو دەمەوێت شیعرەکانم ببنە پرسیارێکی بوونگەرایی کە تێیدا مرۆڤ ڕووبەڕووی تەنیاییە ڕەسەنەکەی خۆی ببێتەوە. پەیامی من پاراستنی ئەو مانایەیە کە لە جیهانی مۆدێرندا خەریکە دەبێتە قوربانی خێرایی و ڕووکەشگەرایی. شیعر بۆ من ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بەو ئاگاییە کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت لەناو کاتی فانیدا، کاتێکی ئەبەدی بۆ خۆی بخوڵقێنێت."
ئەو خانمە شاعیرە باسی لە ڕەنگدانەوەی شیعرەکانی خۆی کرد و گوتی: "شیعرەکانی من لەو خاڵەدا ڕەنگ دەدەنەوە کە تێیدا بێدەنگیی سۆفییانە و هەراوزەنای حەماسەت دەبنە یەک جەوهەر. ئەوان لەو ساتەوەختانەدا دەردەکەون کە مرۆڤ ناچار دەبێت لە نێوان مانەوەی بێمانا و فەنابوونی شکۆمەندانەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت. لە ڕاستیدا، شیعرەکانم ڕەنگدانەوەی ئەو خاکەیە کە هاوکات هەم لانکەی میهرەبانیی عارفانە و هەم ئامێزی گەرمی ئەو قوربانییانەیە کە بۆ پاراستنی مانا و شکۆ بوونەتە قوربانی؛ ئەوان لەو شوێنەدا دەژین کە عەشق و ئازایەتی دەبنە یەک تابلۆی وجودی."
خانمە شاعیر و نووسەر، یەڵدا هەرکی، جەختیشی لەوە کردەوە و گوتی: "خەسڵەتی شاعیر لەوەدایە کە نەبێتە بەشێک لە باو، بەڵکو هەمیشە وەک پرسیارێکی توند لەبەردەم ویژدانی سەردەمەکەیدا بمێنێتەوە. من دەنگێکم لە قووڵایی شەوی یەڵداوە کە بەدوای تیشکی حەقیقەتدا وێڵە. شاعیرێک کە نیشتمانی لەناو دڵ و تەجەلای جوانی لەناو هۆش و حەماسەتی لەناو ڕەگدایە، وەک ڕێبوارێکی ماندوونەناسی ڕێگەی مەعریفەت، هەموو چرکەکانی ژیانم تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە مرۆڤ دەتوانێت لەناو تاریکترین ساتەکانی مێژوودا، هێشتا ببێتە سەرچاوەی تیشک و شیعر. من لەو بڕوایەدام کە وشە تەنیا ئامراز نییە، بەڵکو مەڵبەندی ڕزگاری ڕۆحە."
لەکۆتایی قسەکانیدا، ئەو خانمە شاعیرە باسی لە پڕۆژەی نوێی خۆی کرد و گوتی: "پڕۆژەی هەمیشەیی من نووسینەوەی خۆمە لەناو گەردووندا، بەڵام لە ئێستادا خەریکی داڕشتنی داستانی حەماسەتی ڕۆحم. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ بەرجەستەکردنی مێژووی پڕ لە قوربانیی نیشتمانەکەم لەناو فەزایەکی فەلسەفی و عیرفانیدا، تا نەوەکانی داهاتوو تێبگەن کە خاک تەنیا سنوورێکی جوگرافی نییە، بەڵکو مەڵبەندێکی پیرۆز و بەشێکە لە تەجەلای حەقیقەت لەسەر زەوی. من دەمەوێت لەم کارەمدا بیسەلمێنم کە پاراستنی نیشتمان، لە بنەڕەتدا پاراستنی ئەو مانا باڵایانەیە کە ڕۆحی مرۆڤی پێوە بەندە."
خانمە شاعیر و نووسەر، یەڵدا ساڵح، ناسراو بە یەڵدا هەرکی، تەمەنی 40 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە. لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی نووسینی هەبووە و هەر لەو تەمەنەدا، لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتی ئێران، داڕشتنێکی نووسیوە و خەڵاتی تایبەتی وەرگرتووە. تا ئێستاش بەردەوامە لە نووسین.