سێنتکۆم: داوا لە سوپای عەرەبیی سووریا دەکەین هێرشەکانی ڕابگرێت
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هۆشداریی دایە سوپای عەرەبیی سووریا و داوای لێ کرد دەستبەجێ کۆتایی بە هەموو جۆرە هێرش و جووڵەیەکی سەربازی بهێنێت لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش پێویستی بە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هاوبەشە ناوخۆییەکان هەیە.
شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سووریا خستەڕوو.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: پێشوازی لەو هەوڵە بەردەوامانە دەکەین کە لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە لە سووریا دەدرێن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەر لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، سێنتکۆم بە ڕوونی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات و دەڵێت: "داوا لە سوپای عەرەبیی سووریا دەکەین کە کۆتایی بە هەر جۆرە هێرش و کردەیەکی سەربازی بهێنێت لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە.
براد کووپەر ئاماژەی بەوە کردووە، شەڕی دژ بە داعش و بەردەوامیدان بە گوشاری سەربازیی بێوچان لەسەریان، پێویستی بە کاری بە کۆمەڵ هەیە لە نێوان هاوبەشە سوورییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.
فەرماندەی سێنتکۆم، لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی لە گرنگیی ئاشتیی ناوخۆیی کردەوە و گوتی: بوونی سووریایەک کە لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی، بنەمایەکی هەرە سەرەکی و پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.