هەسەدە: کۆنترۆڵی دۆخی مەنسوورەمان کردووە
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، دوای پووچەڵکردنەوەی هەوڵی شانە تێکدەرەکان بۆ شێواندنی ئاسایش، دۆخی شارۆچکەی مەنسوورەیان ئارام کردووەتەوە و هێزی ئەمنییان بڵاوەپێکردووە
شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ئارامی بۆ شارۆچکەی مەنسوورە لە گوندەواری تەبقا بگەڕێنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شانە تێکدەرەکان هەوڵیان دابوو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدەن، بەڵام هەوڵەکانیان لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە شکستی پێهێنراوە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، ئێستا مەفرەزەکان و بڵاوبوونەوەی ئەمنییان لە ناوچەکە چڕ کردووەتەوە، ئەوەش بە ئامانجی زامنکردنی سەلامەتیی دانیشتووان و پاراستنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان لە هەر مەترسییەک.
هەروەها ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا لەبارەی دۆخی شاری مەنسورەوە بڵاودەکرێنەوە و هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان شاری مەنسورەیان بەتەواوی کێوماڵ و پاککردووەتەوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە.