ماکرۆن: سەقامگیریی سووریا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هەسەدە و دیالۆگەوە دەبێت

ئیمنوێل ماکرۆن
ئیمنوێل ماکرۆن

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا  هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە داهاتووی سووریا ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە بەدیهێنانی سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، تەنها لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوخۆی دەوڵەتدا دەبێت.

ماکرۆن  داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی حکومەتی سووریا دەکات و هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوونی ئەو ڕێچکە سەربازییە لە لایەن ئەوروپاوە پشتگیری ناکرێت.
ماکرۆن ئاماژە بەوە دەکات، شەڕکردن دژی ئەو هێزانەی شانبەشانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش بوونەتەوە، کارێکی نادروستە و پێویستە حکوومەتی سووریا پەنا بۆ گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی ببات. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فەرەنسا و ئەوروپا ناتوانن پاڵپشتی لە بەردەوامیی هێرشەکان بکەن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بە تەنها ڕێگەی ڕاست دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان.

ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لەو مەرسوومە سەرۆکایەتییەی سووریا دەکات کە ڕۆژی ڕابردوو سەبارەت بە مافەکانی کورد دەرچوو، و ئەوە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدات کە لە ئاراستەی دروستدایە، ماکرۆن دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی دانوستان بە مەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری.
ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەکی سیاسی نوێ بۆ سووریا چڕ بوونەتەوە، فەرەنسا وەک وڵاتێکی دۆستی گەلی سووریا، پێی وایە گەرەنتیی ئاسایشی نیشتمانی لە یەکخستنی توانا سەربازییەکان و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی کۆبووەتەوە.