ئامارێکی فەرمی؛ هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان جێگیرە و گرانی نییە

دەستەی ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر و تێکڕای هەڵاوسان بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوکردەوە. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ ڕێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ستاندارددایە و گرانی نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی ئامار، تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 0.9%. لە جیهانی دارایی و ئابووریدا، مانەوەی ڕێژەی هەڵاوسان بە 2% و کەمتر بە نیشانەیەکی ئەرێنی دادەنرێت، دەریدەخات؛ هێزی کڕینی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان پارێزراوە و نرخەکان بەخێرایی بەرزنەبوونەتەوە، بازاڕەکانی کوردستان بەرانبەر فشارە دەرەکییەکان لەوانە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە وڵاتانی ناوچەکە خۆڕاگرە.

یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی نێو ڕاپۆرتەکە، بەرزبوونەوەی تێچووی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانە. شارەزایان، ئەم زیادبوونە بە "هەڵاوسانی ئەرێنی" ناودەبەن، چونکە نیشانەی زیادبوونی خواست و باشتربوونی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە لە کەرتی تایبەتدا، ئەمە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بووژانەوەی گشتی لە بازاڕ و ڕەخساندنی هەلی کار.

پارێزگای هەولێر، بە تۆمارکردنی کەمترین ڕێژەی گەشەی هەڵاوسان بە 0.6% بە سەقامگیرترین پارێزگای بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان هەژمار دەکرێت.

لە پارێزگای دهۆک گەشەی رێژەی هەڵاوسان بە 1.1% و پارێزگای سلێمانی بە 0.7% تۆمارکراوە. سەرەڕای زیادبوونێکی کەم، ئاماژەیە بۆ سەقامگریی نرخەکان لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

جێگیربوونی نرخەکانی خواردن و نیشتەجێبوون و تەندروستی کە بڕبڕەی پشت بژێویی خێزانەکانن لە نێو راپۆرتەکەی دەستەی ئامار بەدی دەکرێت، بە گوێرەی ئامارەکان کەمترین کاریگەریی هەڵاوسانیان لەسەر بووە، ئەمە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لەژێر کۆنترۆڵدان و دەستەبەرن.