ڕێگەی گۆمەسپان-هەولێر بەر لە وادەی دیاریکراو تەواو دەبێت

%98ـی کارەکانی پرۆژەی دوو سایدی ھەولێر-گۆمەسپان تەواو بوونە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە پرۆژەکە تەواو بکرێت.

ئەمیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری پرۆژەکە، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند "گشت پێکهاتەکانی ڕێگەکە وەک هێماکانی هاتوچۆ، پەرژینی خۆپاراستن، هێلکاری، دیواری پاڵپشت، سیستەمی ئاوەڕۆ و شۆستە لە پرۆژەکەدا تەواو کراون. لە چوارڕێیانی گۆمەسپانیش ئاراستەی هاتوچۆ بۆ هەولێر، گۆمەسپان، کۆیە و بەستۆرە لە ڕێگەی سێ بەرزەپردەوە دابین کراوە."

درێژی ئەم ڕێگەیە لە گۆمەسپانەوە تا کەسنەزان، 16 کیلۆمەترە، 40 تۆڤەر و ئەندەرپاسی تێدایە و لە لایەن کۆمپانیای هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت. 

ھاووڵاتیان و شۆفیرانیش ئەم پرۆژەیە زۆر بە گرنگ دەزانن؛ سەفەر فەرحان، هاووڵاتی، دەڵێت: هەتا بڵێیت ڕێگەیەکی خۆش و ڕێکە. دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێم دەکەین. هیوادارین هەمیشە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوام بێت. پێشتر ئەم ڕێگەیە بە ڕێگەی مەرگ ناسرابوو، هەمیشە ڕووداوی دڵتەزێنی تێدا ڕووی دەدا و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی لێ دەکەوتەوە.

ئەحمەد یاسین، شۆفێر دەڵێت: پێشتر ماوەی نێوان گۆمەسپان و هەولێر نزیکەی 45 تا 50 خولەک بوو، ئێستا کەمترە لە 20 خولەک. 

پرۆژەی دوو سایدی ھەولێر گۆمەسپان 10ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەردی بناغەکەی دانراو بەر لە وادەی دیاری کراو پرۆژەکە تەواو دەبێت.