هەسەدە: زیاتر لە 100 هەزار چەکدار بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان کۆکراونەتەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، پیلانێکی فراوان بۆ هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئارادایە و زیاتر لە 100 هەزار چەکدار کۆکراونەتەوە.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاشکرای کرد، حکوومەتی کاتی هێزەکانی خۆی لە دەوروبەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردووەتەوە و پێداگرن لەسەر فراوانکردنی بازنەی هێرشەکانیان.

فەرهاد شامی گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە 100 هەزار چەکداری بەکرێگیراو کە پێکهاتوون لە چەکدارانی سەر بە حکوومەتی کاتی، بەکرێگیراوانی دیکە و چەکدارانی داعش، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە." ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی هەسەدە دەستەوەستان نەوەستاون و دەیان کاروانی سەربازیی ئەو چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرهاد شامی ڕەخنەی لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت سەبارەت بە پاراستنی گرتووخانەکان و ڕایگەیاند، "هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە هەڵناگرن کە دەکرێنە سەر گرتووخانەکانی تایبەت بە زیندانیانی داعش،" کە ئەمەش مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوەیە لێ دەکرێت.