بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە: مەترسیی کارەساتی مرۆیی لە رەققە و تەبقە هەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، عەبدولوەهاب خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی رەققە و تەبقە مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل دروستکردووە و هۆشداریش لە روودانی کارەساتی مرۆیی دەدات.

بەرپرسەکەی مەسەدە ئاماژەی بەوە دا، ئێستا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە شاری رەققە بەردەوامە، هاوکات لە دێرەزووریش هۆزە عەرەبەکان بنکە و بارەگاکانی هەسەدە دەکەنە ئامانج، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

عەبدولوەهاب خەلیل جەختی کردەوە کە "کێشەکان بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن" و ڕایگەیاند، هەسەدە خوازیاری دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم گرژییانە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە باسی لە مەترسیی زیندانیانی چەکدارانی داعش کرد و بە "مەترسییەکی گەورە" وەسفی کرد کە پێویستە بە هەند وەربگیرێت.

سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکانیش، عەبدولوەهاب خەلیل خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکەی هەولێر بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانین"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هەوڵانەی کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدرێن.

عەبدولوەهاب خەلیل، هۆشداریدا کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت کارەساتێکی مرۆیی لەو ناوچانە رووبدات.