ڕامی عەبدولڕەحمان: دەنگی تەکبیراتی مزگەوتەکان لە هەندێ گەڕەک، نیشانەی قوڵبوونەوەی گرژییەکانە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: پێکدادانی چەکداریی سەخت لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایش لە لایەک، و چەکدارانی سەر بە هۆزەکان لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لای خەڵکی مەدەنی دروست کردووە.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، گەڕەکەکانی ناو جەرگەی ڕەقە بوونەتە مەیدانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو، لە مزگەوتەکانی گەڕەکی سەیف ئەلدەوڵە دەنگی تەکبیر دەبیسترێت، کە ئەمەش نیشانەیە بۆ قووڵبوونەوەی ململانێکان و توندبوونی گرژییەکان لەناو شارەکەدا.
پشێوییەکە تەنیا لە گەڕەکەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو مەیدانەکانی ئەلنعیم و ئەلدەللە، لەگەڵ شەقامەکانی تل ئەبیاد و ئەلوادی، لێوانلێون لە هاووڵاتیانی نیگەران کە بەهۆی نادیاریی دۆخەکەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی پشتڕاستکراوە لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەبەردەستدا نییە، بەڵام شارەکە لە دۆخێکی چاوەڕوانیی پڕ لە مەترسیدایە و تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ڕوونکردنەوەی لەبارەی هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئەم تەقینەوە ئەمنییە نەداوە.
شاری ڕەقە کە پێشتر وەک پایتەختی خەلافەتی داعش دەناسرا، دوای ڕزگارکردنی لە ساڵی 2017 کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەم شارە بەهۆی پێکهاتە خێڵەکییە ئاڵۆزەکەیەوە، ناوە ناوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و گرژیی ئەمنی دەبێتەوە، ململانێی نێوان پێکهاتە ناوخۆییەکان و هێزە ئەمنییەکان لەسەر پرسەکانی بەڕێوەبردن و ناسنامەی نەتەوەیی، هەمیشە وەک ئاگرێکی بن کاوڵاو ماوەتەوە و هەر جۆرە پێکدادانێک لەم ناوچەیەدا مەترسیی تێکچوونی هاوسەنگییە ئەمنییەکانی تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لێ دەکرێت.