هەسەدە: لە دەوروبەری بەنداوی تشرین گورزێکی کوشندەمان لە سوپای عەرەبیی سووریا وەشاند
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، لە زنجیرەیەک چالاکیی هاوبەشیاندا لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، تانکێک و پێگەیەکی سەربازیی سوپای عەرەبیی سووریایان تێکشکاندووە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان دژی سوپای عەرەبیی سووریا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجام داوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بەم شێوەیە بوون، لە دەوروبەری گردی سیرێتێل لە نزیک بەنداوی تشرین، هێزەکانی هەسەدە گردبوونەوەیەکی چەکدارانیان کردووەتە ئامانج کە خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد، لە ئەنجامدا تانکێکی چەکدارەکان بە تەواوی تێکشکێندراوە.
هەروەها هەسەدە ئاماژەشی داوە، هەر لە هەمان ناوچە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لێدانێکی ورد و کاریگەر لە ناوەڕاستی گردبوونەوەیەکی چەکدارەکان دراوە و تەقینەوەیەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە گوندی حاجی حوسێنی سەر بە ناوچەی بەنداوی تشرین، هێزەکانی هەسەدە بنکەیەکی سەربازی و خاڵێکی جێگیربوونی چەکدارەکانیان وێران کردووە.
هەسەدە جەختیشی کردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ژمارەیەک لە چەکداران کوژراو و بریندار بوون، وێڕای تێکشکاندنی تەواوەتی تانکێک و خاپوورکردنی پێگە سەربازییەکانیان.